وەزارەتی نەوتی عێراق: ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا کۆتایی هات
پەرەگراف
وەزارەتی نەوتی عێراق کۆتاییهاتنی ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانی بۆ بەندەری توركیا راگەیاند بەپێی هەمواری یاسای بودجەی عێراق.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێكدا داوای ڕادەستکردنی نەوت لە بەرپرسانی هەرێم دەکات بە کۆمپانیای سۆمۆ بە مەبەستی هەناردەکردنی بەپێی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ کۆمپانیاکان ئەنجامدراون.
ڕۆژی 02-02-2025، پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی پەسەند کردو دواتر سەرۆککۆمار هەموارەکەی واژۆ کرد، لە هەموارەکەدا گۆڕانکاری لە بڕگەی تایبەت بە نەوتی هەرێم کراوە.
بەپێی بڕگە هەموارکراوەکە، لیژنەیەکی تایبەتمەند پێک دەهێنرێت بۆ هەڵسەنگاندنی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و نەوتەکە لەڕێی کۆمپانیای سۆمۆی عێراق دەفرۆشرێت و داهاتەکەی دەچێتە خەزێنەی فیدراڵ، لە بەرامبەردا بەغداد مووچەو بودجە بۆ هەرێم دەنێرێت.
هەر بەپێی یاسای نوێی بودجە، بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی یەک بەرمیل نەوت 16 دۆلار بە هەرێم دەدرێت، ئەوەش بە ڕێککەوتنێکی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و کۆمپانیا بیانییەکانی نەوتی هەرێم بوو، کە دواتر لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەند کرا و ئاراستەی پەرلەمانی عێراق کرا.
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، لە 25-03-2023ـەوە ڕاگیراوە، ئەوەش پاش بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس لە بەرژەوەندیی سکاڵایەکی وەزارەتی نەوتی عێراق دژی تورکیا.