پەرەگراف
لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە "گرنگیی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنە هاوبەشەكان" كردووە و جەختی كردووەتەوە لەسەر "پێویستیی خێراكردنی دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنانی و هەناردەكردنەوەی نەوت". نێچیرڤان بازانییش دەڵێت "گفتوگۆیەكی بەرهەمدارمان لەبارەی دوایین پێشهاتەكانەوە كرد".
ئەمڕۆ شەممە 22-02-2025، نێچیرڤان بارزانی و محەمەد شیاع سوودانی لە بەغدا كۆبوونەوە. نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەربارەی كۆبوونەوەكە ڕایگەیاند "گفتوگۆی گرنگ كرا دەربارەی دۆسیە و بابەتەكان لە ئاستی نیشتمانیدا، هەروەها بەدواداچوون بۆ چۆنیەتیی جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت لە كەرتە جیاوازەكاندا كرا".
هەروەها نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە تۆڕی ئێكس دەڵێت "هەمیشە خۆشحاڵم بە دیداری هاوڕێم، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە بەغدا. گفتوگۆیەكی بەرهەمدارمان كرد لەبارەی دوایین پێشهاتەكان، سەقامگیریی ناوچەكە بە گشتی و چەند پرسێكی دیكەی گرنگ".
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژەی بە "بەردەوامبوون لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنە هاوبەشەكان كرد، بە تایبەتی لەدوای تێپەڕاندنی دوایین هەمواركردنەوەی یاسای بودجە، بە جۆرێك خزمەت بە بەرژەوەندیی نیشتمانی بكات و ئابووریی عێراق بەهێزتر بكات".
نووسینگەی سوودانی دەشڵێت، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەكەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر "پێویستیی خێراكردنی دەستبەكاربوونی كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان بۆ دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و دووبارە هەناردەكردنی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیی" كردەوە.