پەرەگراف
قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ پارتی ڕێککەوتوون بۆ ساڵی 2026 هەرێمی کوردستان یاسای بودجەی دەبێت.
لە بەشداریکردنی لە پانێڵێک لە بارەی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکان کە دامەزراوەی ڤیژن لە سلێمانی ڕێکیخست، جێگری سەرۆکوەزیران باسی پێکهێنانی حکومەت و کێشەو گرفتەکانی کردو وتیشی "بناغەیەکی پتەو بۆ حکومڕانی دادەنێین و لامەرکەزی و شۆڕکردنەوەی دەسەڵات دەبێتە بەشێک لە کارنامەی حکومەتی داهاتوو".
لە یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێم لە ١٩٩٢ تا ٢٠١٣ تەنها ١٠ساڵ یاسای بودجەی هەبووە، لە ساڵی 2013ـەوە تائێستا كە كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی و كابینەی پێشووش بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی دەگرێتەوە، پرۆژەیاسای بودجەیان رەوانەی پەرلەمان نەكردووەو ئەمە بە درێژترین ماوە دادەنرێت کە هەرێمی کوردستان یاسای بودجەی نەبووە.
حکومەتی هەرێم چەندینجار باسی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی کردووە، بەڵام بە کردار هەنگاوی بۆ نەناوە، ئەوەش نیگەرانیی پەرلەمانتارو چاودێرانی لێکەوتووەتەوە لەکاتێکدا یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی پەرلەمان دەرکردنی یاسای بودجەو چاودێریکردنیەتی.
حكومەتی هەرێم هەرجارەی پاساوێكی بۆ نەناردنی پڕۆژەیاسای بودجە هەبووە بۆ پەرلەمان، یەكێكیان نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمە لەلایەن بەغداوە، ئێستا کە هەرێم و بەغداد لەسەر بودجەی فیدراڵی و پشکی هەرێم ڕێککەوتوون، چاوەکان لەسەر کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێم دەبن تا پڕۆژەی بودجە ئامادە بکات و بینێرێتە پەرلەمان.