سەرپەرشتیاری هەژماری من: بڕیارەكەى دادگاى فیدراڵى لەگەڵ پرۆژەى هەژماری من یەك دەگرێتەوە
پەرەگراف
سەرپەرشتیاری پرۆژەی (هەژماری من) پێشوازی لەو بڕیارە دەكات كە دادگای فیدراڵی لەسەر سكاڵاكەی سەرۆككۆمار دەربارەی تەوتین داویەتی و ڕایدەگەیەنێت، ناوەرۆكی بڕیارەكە "لەگەڵ بنەما سەرەكییەكانی پڕۆژەی هەژماری من یەك دەگرێتەوە".
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرپەرشتیاری پرۆژەی (هەژماری من)، دەڵێت "داواكارین لە سەرجەم فەرمانبەران كە بە زووترین كات خۆیان لە (هەژماری من) تۆمار بكەن".
بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كە لەلایەن بەشێک لە پسپۆڕ و پەرلەمانتارانەوە بە "ڕێخۆشكەری" بۆ بەشداریی بانكە ئەهلییەكان لە تەوتین و "قبووڵكردن"ـی پرۆژەی (هەژماری من) ناو دەبرێت، وەڵامدانەوەی داواكارییەكی لەتیف ڕەشید، سەرۆككۆماری عێراق بووە. سەرۆككۆمار لە سكاڵاكەیدا چوار داوكاریی هەبووە، بەڵام تەنیا ئەوەیان بڕیاری لەسەر دراوە و ئەوانی دیكە ڕەت كراونەتەوە.
دادگای فیدراڵی لە بڕیارەكەیدا دەڵێت "دەبێت پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان (تەوتین)، بەپێی ڕێنماییەكانی بانكی ناوەندی بۆ بەبانكیكردن و لەو بانكانەی ڕێگەی پێداون، جێبەجێ بكرێت، بەپێی ئەو ڕێكارانەی لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە جێبەجێ دەكرێن".
هەروەها لە بەشێكی دیكەی بڕیارەكەیدا دەڵێت "پێویستە بەبانكیكردنی مووچە بە هەماهەنگیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت. پێویستیشە ئازادی بدرێت بە فەرمانبەر لە دیاریكردنی ئەو بانكەی خۆی دەیەوێت".
بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەبارەی سكاڵایەكەوە بوو كە لە 20-01-2025 لەلایەن لەتیف ڕەشید، سەرۆككۆماری عێراق، لەسەر سەرۆكوەزیران و وەزیری دارایی عێراق تۆماری كردبوو.
سەرۆككۆماری عێراق لە سكاڵاكەیدا چوار داواكاریی ئاراستەی دادگای فیدراڵی كردبوو، لە یەكەمیاندا داوای دەركردنی فەرمانێكی سالاریی كردبوو بۆ پابەندكردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بە خەرجكردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەرجەم مانگەكانی پێشوو و بەردەوامبوون لە داهاتوو، داواكاریی دووەمیش پابەندكردنی وەزارەتەكەیە بە خەرجكردنی مووچە بەبێ پچڕان و بەبێ هیچ پاساوهێنانەوەیەك، داواكاریی چوارمیش پابەندكردنی پەرلەمانە بە هەمواركردنی بڕگەی (ج) لە ماددەی 12ـی یاسای بوجە، كە ئەم سێ داواكارییە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە ڕەت كراونەتەوە.
ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لەسەر داوە، داواكاریی سێیەمی سەرۆككۆمارە، كە لە سكاڵاكەیدا داوای كردووە "پرۆسەی بەبانكیكردن بەپێی ڕێنماییەكانی بانكی ناوەندی جێبەجێ بكرێت، كە مامەڵە لەگەڵ بانكە حكومی و ئەهلییەكان دەگرێتەوە، هاوشێوەی ئەو ڕێكارانەی لە حكومەتی فیدراڵی كاریان پێ دەكرێت. پرۆسەكە بە هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی دارایی فیدراڵی و وەزارەتی دارایی هەرێم جێبەجێ بكرێت. پێدانی ئازادی بە فەرمانبەران بۆ هەڵبژاردنی ئەو بانكەی كە مووچەكانیانی تێدا جێگیر دەكەن، بەپێی ئەو ڕێسایانەی كە لە هەرێم كاریان پێ دەكرێت".
دادگای فیدراڵی داواكاریی سێیەمی سەرۆككۆماری بە تەواوی پەسەند كردووە و ناوەرۆكی بڕیارەكەی خۆی لەسەر ئەو داواكارییە داڕشتووە.
سەرپەرشتیاری پرۆژەی (هەژماری من) دەڵێت "تیمەكەمان وەك بەشێك لە شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرەتای ئەم مانگە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق كۆبووەتەوە و نوێترین پێشهاتەكانی پڕۆژەكەیان (هەژماری من) بۆ باس كردوون، وەك چۆن لە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵیشدا هاتووە".