پەرەگراف
وەزارەتی دارایی عێراق دەستی بە خەرجكردنی مووچەی مانگی دوو كرد و ڕایشیدەگەیەنێت "بە هیچ شێوەیە كورتهێنانی دارایی كاریگەریی لەسەر خەرجكردنی مووچە نابێت".
ئەمە لە كاتێكدایە كە نووسراوێكی وەزیری دارایی عێراق بڵاو بووەتەوە كە 09-02-2025 ئاڕاستەی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراقی كردووە، تێیدا هۆشداریی داوە لەبارەی بوونی كورتهێنانی دارایی گەورە لە گەنجینەی عێراق و مەترسیی كاریگەریی لەسەر پارەی مووچە.
ئەمرۆ 18-02-2025، وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند "بەڕێوەبەرایەتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی، دەستی بە پارەداركردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت بۆ مانگی شوبات كردووە، بەپێی ڕێكارە داراییە پەسەندكراوەكان و تەرخانكراوەكان كە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی گشتیدا تەرخان كراون".
هاوكات وەزارەتی دارایی جەخت لەسەر پابەندبوون بە "خشتەی پارەداركردنی مانگانەی پەسەندكراو و جێبەجێكردنی سەرجەم ڕێكارە پێویستەكان" بۆ دابەشكردنی مووچە دەكاتەوە.
ئەو نووسراوەی وەزارەتی دارایی كە دەربارەی كوتهێنان ئاراستەی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق كراوە، تایبەتە بە دامەزراندن، كە تێیدا هاتووە "ئەگەر نووسراوی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ بەهەمیشەییكردنی كارمەندانی گرێبەستی وەزارەتی كارەبا جێبەجێ بكرێت، بارگرانیی زیاتر لەسەر بودجەی گشتیی وڵات دروست دەبێت".
هەر لەو نووسراوەدا وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت "گەنجینەی گشتیی عێراق كورتهێنانێكی گەورەی هەیە و توانای ئەوەی نییە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و چاودێریی كۆمەڵایەتیی دابین بكات، ئەگەر هەندێك خەرجیی دیكەی بێتە سەر، ئەوا تووشی كورتهێنانی زۆر گەورەتر دەبێت".