بافڵ تاڵەبانی بۆ شاندی دەم پارتی: هاریکاریی سەرخستنی ئەم هەوڵە مێژووییە دەبین

18-02-2025 12:30

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی دەم پارتی پشتیوانیی یەکێتی ڕاگەیاند بۆ پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیاو دەڵێت: پشتگیری و پشتیوانی لەهەر دەستپێشخەرییەک دەکەین کە مافی گەلەکەمان لە تورکیا دەپارێزێت و وەک یەکێتیش هاریکاریی سەرخستنی ئەم هەوڵە مێژووییە دەبین کە بەردی بناغەکەی لە ساڵی (1993) مام جەلال داینا.

شاندی دەم پارتی ئەمڕۆ لە دەباشان لەگەڵ یەکێتی کۆبوونەوەو پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلانیان بەو حیزبە گەیاندو بڕیار و سیاسەت و بژاردەکانی خۆشیان لەسەر رووداوە سیاسییەکانی ناوچەکە، پرسی ئاشتی لە تورکیا و گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئۆجەلان روونکردەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی بافڵ تاڵەبانی لەبارەی کۆبوونەوەکە، تاڵەبانی ئەوەی خستووەتە ڕوو، تاوەکو پرسی کورد چارەسەر نەکرێت ناوچەکە ئاشتی و ئارامی سەرتاسەری بەخۆیەوە نابینێت، "وەک وتوشمانە پرسی کورد بە چەک و شەڕ نە چارەسەر دەبێت، نە ئەنجامی دەبێت، چونکە تاکە بژاردە گەڕانەوەیە بۆ گفتوگۆ و دیالۆگی جدی. هیوادارین هەموومان دەربەست و پەرۆشانە کار بۆ سەرخستنی ئەم دەرفەتە مێژووییە بکەین لەسەر بنەمای هاوبەشی و برایەتی و پەرۆشی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامی".

بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت "باوەڕمان بە برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە هەیە، هەرگیزیش نابینە هەڕەشە بۆ هیچ وڵاتێکی دراوسێمان و پەرۆشی ئەوەین هەموومان بە برایەتی و ئاشتی بژین، ئەمڕۆش دەستپێشخەر دەبین تاوەکو لەبری هەڕەشە زمانی دیالۆگ زاڵبکەین، دەستی برایەتی بۆ هەموولایەک درێژدەکەین، هیوادارین نیەتێکی جدی هەبێت بۆ پتەوکردنی برایەتی کورد و تورک و سەرخستنی ئەم هەوڵە نیشتمانییە".