سودانی فەرمانی کرد بە پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵا بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕێگری لە جوتیارانی کورد لە كەركوك
پەرەگراف
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ڕایگەیاند: محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بەدواداچونی بۆ وردەكاری ئەو روداوە کرد، کە دوێنێ لە پارێزگای کەرکوک رویدا، دوای ڕێگریکردن لە جوتیاران لە ئەنجامدانی کارەکانیان.
سودانی، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی راسپاردووە، بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی باڵا کە نوێنەرایەتی هەموو لایەنەکان بکات، بۆ بەدواداچون لە تەواوی وردەكاری روداوەکە. هەروەها، بریکاری وەزیری دادی رەوانەی کەرکوک کرد، بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست سەبارەت بەو زەویانەی كە جێی بایەخی هاوبەشی نێوان ناوچە فیدراڵیەکان و هەرێمی کوردستانە.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکات لە سوپا، ناوخۆ، پێشمەرگە، هێزەکانی حەشدی شەعبی، دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان پابەندی یاسا و ڕێنماییەکان بن، دان بەخۆیاندا بگرن و ژیرانە و نیشتمانپەروەرانە مامەڵە بکەن.