سەرۆكی هەرێم پەیامێك ئاراستەی پەكەكە دەكات

17-02-2025 12:37

پەرەگراف

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پرۆسەی ئاشتی لە توركیا بە "دەرفەتێكی گرنگ و مێژوویی" ناو ‏دەبات و دەڵێت "پێویستە هەمووان كار بۆ سەرخستنی پرۆسەكە و برایەتیی كورد و تورك بكەن، ‏چونكە ئاشتی بۆ هەمووان لە توركیا و ناوچەكە پێویستە".‏
‎ ‎
نێچیرڤان بارزانی پاش كۆبوونەوە لەگەڵا شاندی ئیمرالی، جەختی كردووەتەوە كە "ئەزموون ‏سەلماندوویەتی شەڕ و چەك هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكەن". هەر بۆیە هیوا دەخوازێت كە‎ ‎‏"پەكەكە‏‎ ‎ستراتیژییانە لە پرۆسەكە بڕوانێت" و دەڵێت "پێویستە ئەم دەرفەتە لەدەست نەدرێت".‏

دەقی ڕاگەیەندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان‎:‎
‎ ‎
پێشنوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 2025/2/17 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی ‏كوردستان، پێشوازیی لە شاندی ئیمرالی كرد كە بۆ ڕاگۆڕینەوە و گفتوگۆ دەربارەی هەوڵەكانی ‏پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، لە هەرێمی كوردستانن‎.‎
‎ ‎
لە كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی هەموو هاوكاری و پشتگیرییەكی بۆ سەركەوتنی ‏پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دووپات كردەوە، هەروەها پرۆسەكەی بە دەرفەتێكی گرنگ و مێژوویی لە ‏قەڵەم دا كە پێویستە هەمووان كار بۆ سەرخستنی پرۆسەكە و برایەتیی كورد و تورك بكەن، ‏چونكە ئاشتی بۆ هەمووان لە توركیا و ناوچەكە پێویستە‎.‎
‎ ‎
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی هەروەها ڕایگەیاند: ئێمە هەر لە سەرەتاوە هەمیشە كارمان كردووە بۆ ‏ئەوەی پرۆسەی ئاشتی بێتە ئاراوە و كێشەكان ئاشتیانە چارەسەر بكرێن، چونكە ئەزموون ‏سەلماندوویەتی شەڕ و چەك هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكەن. هەروەها هیوای خواست كە‎ PKK ‎ستراتیژییانە لە پرۆسەكە بڕوانێت و پێویستە ئەم دەرفەتە لەدەست نەدرێت‎.‎
‎ ‎
لای خۆیەوە شاندی ئیمرالی سڵاو و ڕێزی تایبەتی بەڕێز ئۆجالانی بە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ‏گەیاند و تێشكیان خستە سەر هەنگاوەكانی پرۆسەكە. شاندەكە هەروەها ستایش و پێزانینی بۆ ‏هەوڵەكانی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لە پرۆسەی پێشتر و ئێستای ئاشتیدا دەربڕی و داوای كرد ‏بەڕێزیان لەسەر هاوكاری و پشتگیریی خۆی بۆ سەرخستنی پرۆسەكە بەردەوام بێت‎.‎