وەزیری سامانە سروشتییەكان بەوەكالەت: هیچ کێشەیەک نەماوە لە بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم
پەرەگراف
وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بە بەوەكالەت ڕایگەیاند، بەربەستەكانی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم چارەسەربوون ئەمشەو وەفدێكی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بۆ ئەو مەبەستە دەچێتە هەولێر.
کەمال محەمەد بە ڕۆژنامەنووسانی وت: مەرج نیە لە مانگی سێ هەناردەی نەوت دەستپێبكاتەوە، بەڵكو ڕەنگە زوتریش بێت، "تەواوی رێكارە یاساییەكان تەواوبون و هیچ كێشەیەك نەماوە، تەنها ئامادەبونی لایەنی توركیا ماوە، هەر بۆ ئەم پرسەش ئەمشەو وەفدێكی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دێنە هەولێرو رۆژی سێ شەممە كۆبونەوەكان دەستپێدەكەین".
ڕۆژی 02-02-2025، پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی پەسەند کردو دوێنێش سەرۆککۆمار هەموارەکەی واژۆ کرد، لە هەموارەکەدا گۆڕانکاری لە بڕگەی تایبەت بە نەوتی هەرێم کراوە.
بەپێی بڕگە هەموارکراوەکە، لیژنەیەکی تایبەتمەند پێک دەهێنرێت بۆ هەڵسەنگاندنی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و نەوتەکە لەڕێی کۆمپانیای سۆمۆی عێراق دەفرۆشرێت و داهاتەکەی دەچێتە خەزێنەی فیدراڵ، لە بەرامبەردا بەغداد مووچەو بودجە بۆ هەرێم دەنێرێت.
هەر بەپێی یاسای نوێی بودجە، بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی یەک بەرمیل نەوت 16 دۆلار بە هەرێم دەدرێت، ئەوەش بە ڕێککەوتنێکی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و کۆمپانیا بیانییەکانی نەوتی هەرێم بوو، کە دواتر لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەند کرا و ئاراستەی پەرلەمانی عێراق کرا.
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، لە 25-03-2023ـەوە ڕاگیراوە، ئەوەش پاش بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس لە بەرژەوەندیی سکاڵایەکی وەزارەتی نەوتی عێراق دژی تورکیا.