ئاشکرابوونى گرێبەستى گرانى ڕاوێژکارێکى حکومەت کاردانەوەى لێ دەکەوێتەوە و بابەتى دیکەشى بەدوادا دێت
پەرەگراف
ئاشکرابوونى گرێبەستى ڕاوێژکارێکى فەرمانگەى میدیا و زانیاریى حکومەتى هەرێم کە مووچەکەى زیاتر لە شەش ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینارە، کاردانەوەى فراوانى بەدوادا هات. ڕاوێژکارەکە کچێکە بە ناوی ڕێناز تۆفیق و دەڵێت "شایستەی مووچەیەکی باشم، بەڵام چارەکێکى ئەو مووچەیەم وەردەگرت و ئێستا دەستم لەکار کێشاوەتەوە". هەروەها ژمارەیەک بابەتى دیکە دەوروژێنێت و باس لە "دزینى بیرۆکە"ـەکانى و هەوڵى "دەستدرێژى"کردنەسەرى دەکات، پەنجەى تۆمەت بۆ سەرۆکى فەرمانگەى میدیا و زانیارى و خەڵکى دیکەش درێژ دەکات. د. جووتیار عادلیش تۆمەتەکان ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت "سکاڵا تۆمار دەکەم".
نووسراوێکى نهێنى چەند ڕۆژێکە ئاشکرا بووە کە لەلایەن د. جووتیار عادل، سەرۆکى فەرمانگەى میدیا و زانیاریى حکومەتى هەرێمەوە، ئاراستەى شەعبان چالی، بەڕێوەبەرى نووسینگەى سەرۆکى حکومەت کراوە. تێیدا داواى کردووە مانگانە بڕى شەش ملیۆن و ٥٣٢ هەزار دینار بۆ کەسێک بە ناوى ڕێناز تۆفیق عەبدوڵڵا خەرج بکەن وەکوو ڕاوێژکار بەپێى گرێبەستێک.
نووسراوەکە لە ٠٣-٠٧-٢٠٢٤ ئاراستە کراوە و ڕوونکراوەتەوە کە ئەو پارەیە چوار ملیۆن و 200 هەزار دینارى وەکوو مووچە، ملیۆنێک و 332 هەزار دینار وەکوو کرێى نیشتەجێکردن، یەک ملیۆن دیناریشى وەکوو کرێى هاتووچۆى مانگانە بۆ ئەو ڕاوێژکارە خەرج بکرێت.
بڵاوبوونەوەى ئەو نووسراوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەم کاتەدا کە کێشەى مووچە لە هەرێم هەیە، کاردانەوەى و تووڕەیى فراوانى هاووڵاتیان بەتایبەت مووچەخۆرانى بەدوادا هاتووە.
پاش ناڕەزایەتییەکان، ڕێناز تۆفیق لە هەژمارى خۆى قسەى لەبارەى گرێبەستەکەیەوە کرد و ژمارەیەک بابەتى دیکەشى وروژاند. ئەو ڕاوێژکارە لە ماوەى ١٥ کاتژمێردا زیاتر لە ٢٠ نووسینى سەبارەت بە گرێبەستەکەى و کێشە و لەمپەرەکانى بەردەمى لە کارەکەیدا بڵاو کردووەتەوە، ڕایشیگەیاندووە کە ئێستا دەستی لەکار کێشاوەتەوە و چووەته دەرەوەی وڵات.
سەبارەت بە گرێبەستەکەى، دەڵێت "من بەمە ڕازی کرابووم، ڕووبعێکم وەردەگرت کە تەنها بەشی کرێم بکات. سێ ساڵی ڕابردوو پارەی خۆمان سێقات دەخەمە سەری".
ئەو ڕاوێژکارە لە ڤیدیۆییەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە، دەڵێت "سێ ساڵ لەمەوبەر د. جووتیار عادل ویستى دەستدرێژى بکاتە سەرم، وتم تکایە نەخێر نامەوێ، دواى ئەوەى ویستم سکیوریتى بانگ بکەم، یەکسەر بەڵێنى زۆر گەورەى پێدام و وتى ئەو فیکرانەى کە هەتە من دەیانپارێزم و تۆ خۆت بۆت هەیە فیکرەکانت بە کاک مەسروور بڵێیت".
ڕێناز تۆفیق لە چەند شوێنێکدا باس لەوە دەکات کە ئەو "فیکرە (بیرۆکە) "ـى زۆرى هەبووە و لێیان دزیوە. سەبارەت بە بیرۆکەکانى دەڵێت "یەکێک لە فیکرەکانم ئەوە بووە کە ناوى کوردستان بگۆڕین، بۆ ئەوەى مافەکانى خۆمان وەربگرین".
هەروەها لە پۆستێکدا دەڵێت "د. جووتیار هەزار بەلگەی لایە کە من چیم کردووە و چیم نەکردووە، من ئیستیقالەم داوە، چونکە بەردەوام سزا دەدرێم بەهۆى زۆر باشبوونم و تەسلیم نەبوونم".
"ڕۆژێک بە د. جووتیارم وت: وا هەست دەکەم ڕۆژێک دێت خیانەتم لێ دەکەیت، هەموو ئەوانەی کە وتوومە دەیانکەیت بە فیکرەی خۆت"، ڕێناز تۆفیق وا دەڵێت.
د. جووتیار عادل، سەرۆکى فەرمانگەى میدیا و زانیاریى هەرێم، لە هەژمارى خۆى لە فەیسبووک ڕوونکردنەوەیەکى بڵاو کردەوە و بەبێ ناوهێنانى ئەم ڕاوێژکارە دەڵێت "دەنگۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا بڵاو بووەتەوە، گوایە کەسێک لەلایەن بەندەوە وەک سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، ستەم و ناڕەوایی بەرامبەر کراوە".
د. جووتیار عادل دەشڵێت "لێرەوە بۆ ڕایگشتيی ڕادەگەیەنم، ئەو تۆمەتانەی ناوبراو بێ بنەمایە و دوورە لە ڕاستی؛ هەر سبەینێ داوای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەم و دەبێت دادگا ڕووی ڕاستیی ئەو تۆمەتانە یەکلایی بکاتەوە".
لە وەڵامی د. جووتیار عادلدا، ڕێناز تۆفیق ڕایگەیاند "ئامادەم، دادگا چییە ئەگەر من خودام لەپشت بێت".
هەروەها دەڵێت "زۆر قورسە کەسانێک هەبن فیكرەت لێ بدزن و جورئەتیشى هەبێت دەستدرێژى و قسەى نەشیاو بکەن بەرامبەرت".
وەکوو ئاماژەشی پێ دەکات، "تەنیا د. جووتیار نەبووە، زۆرى تر هەبوون. د. جووتیار لەچاو ئەوانى دیکەدا هێشتا باشتر و بەڕێزتر بووە".
ئەو ڕاوێژکارە جەخت دەکاتەوه کە "بەڵگەى هەموو ئەو کەسانەم لایە کە بەردەوام پەیوەندیم پێوە دەکەن و ڕەفزم کردوون، چونکە من بۆ خزمەت لەوێ بووم، نەک بۆ دڵدارى".
"گرنگە ئێمەى ئافرەتیش دەنگ هەڵبڕین، بۆ ئەوەى ئێمەومانانیش وەکوو لەشفرۆشەکان نەبینرێین، لەکاتێکدا هیچ چێژێکى عاشقیمان لە ژیانمان نەبینیوە"، ڕاوێژکارەکە وا دەڵێت.