پەرەگراف
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانی گەشتیاریی لە چیای سەفین بە بەهای یەک ملیار دۆلار جێبەجێ دەکرێت.
"لە ئێستادا پڕۆژەکە لە دیراسەدایە و كار لەسەر داڕشتنی ماستەرپالانی دەکرێت، کە لەسەر ئاستى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست نموونەى نییە و بڕیارە ئەم ساڵ دیزاینی ماستەر پلانى پڕۆژەکە تەواو بکرێت و لەرێگەى گەورە کۆمپانیا جیهانیەکانەوە كه شارەزان له بواری پەرەپێدانى گه شتیاری جێبەجێ بکرێت" ئومێد خۆشناو وادەڵێت.
ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان ساڵانە پێشوازیی لە ملیۆنان گەشتیار دەکەن، ئەو گەشتیارانە بەشێكیان هی ناوخۆی هەرێم و بەشی زۆریشیان لە پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق و هەندێكیش لە دەرەوەی عێراقەوە دێن.
بەتایبەت لە جەژن و بۆنەکاندا ناوچە گەشتیارییەکان جمەیان دێت لە گەشتیار، بە جۆرێک تەنها لە سەری ساڵی 2025دا زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار ڕوویان لە هەرێم کردبوو.