مانگرتووان لە پازدەیەم ڕۆژدا مانگرتنیان هەڵپەسارد و دەڵێن: ڕێگای دیكە دەگرینە بەر و بەردەوام دەبین
پەرەگراف
مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتووی سلێمانی لەسەر داوای خۆپیشاندەران و لەژێر فشاری جەماوەردا، لە پازدەیەم ڕۆژدا بڕیاریان دا بە "هەڵپەساردن"ـی مانگرتن لە خواردن و ڕایانگەیاند "بەڵام ئێمە هەر بەپێوەین و ڕێگای دیكە دەگرینە بەر و بەردەوام دەبین". سەرپەرشتیارى تیمى چارەسەرى مانگرتووان دەڵێت "بەلاى کەمەوە مانگرتووان ئەگەر بارى تەندروستیشیان جێگیر بێت، پێویستیان بە پێنج بۆ ١٠ ڕۆژ هەیە تا وەکوو مرۆڤێکى ئاسایى بکەونەوە سەر نانخواردن".
كاتژمێر ١١:٠٠ـی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ١١-٠٢-٢٠٢٥، چالاکیى داخستنى دووکان و بازاڕەکان لە سلێمانى هەڵەبجە بۆ پاڵپشتى لە مانگرتووان بەڕێوەچوو. کاسبکار و دوکاندارانى ئەو دوو شارە بۆ ماوەى یەک کاتژمێر دووکانەکانیان داخست. دواتر لە کاتژمێر ٢:٠٠ـى پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆیش گردبوونەوەیەکى جەماوەریى گەورە لەبەردەم خێمەى مانگرتووان بەڕێوە چوو.
لە گردبوونەوەکەدا کە نووسەر و مامۆستایانى ئایینى و چالاکان و هاووڵاتیان بەشدار بوون، هەموان داوایان لە مانگرتووان کرد کە مانگرتنەکەیان بشکێنن، لەپێناو سەلامەتیى گیانى خۆیان.
مانگرتووان پاش کۆبوونەوەیەک لەناو خێمەکەیاندا، هاتنە دەرەوە و لەبەردەم میدیا و جەماوەردا هەڵپەساردنى مانگرتنەکەیان ڕاگەیاند و وتیان "پاش بیستنى ئەو دڵگەرمییەى ئێوە و تێگەیشتن لە بارودۆخەکە و هەڵسەنگاندنى، بڕیارمان دا لە ئێستادا مانگرتنەکەمان هەڵپەسێرین".
پاش شکاندنى مانگرتنەکە، ڕاستەوخۆ سەرجەم مانگرتووان گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەى شار و خرانە ژێر چارەسەر و چاودێریى تەندروستى، بەتایبەت کە شەوى پێشوو وتەبێژى خێمەى مانگرتووان ڕایگەیاند "کاریگەریى مانگرتنەکە لەسەر ئەندامەکانى جەستەى مانگرتووان دەرکەوتووە".
ئێوارەى ئەمڕۆ، دکتۆر گۆران محێدین، سەرپەرشتیارى تیمى چارەسەرى مانگرتووان لە نەخۆشخانەى شار، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "تیمێک لە بەشى هەناوى، پزیشکى خۆراک، پەرستار و کارمەندانى دیکە بۆ چارەسەر و چاودێریى مانگرتووان پێکهێنراوە و چارەسەرى سەرەتایى دەستى پێ کردووە".
سەرپەرشتیارى تیمى چارەسەرى مانگرتووان وتیشى "دواى گەڕانەوەى ئەنجامى ئەو پشکنینە پزیشکییانەى کە بۆ مانگرتووان ئەنجام دراوە، هەریەکەیان بەپێى حاڵەتەکەى چارەسەرى بۆ دەکرێت".
لە ڕۆژى سێشەممە ٢٨-٠١-٢٠٢٥، خۆپیشاندانى مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ داواکردنى مافە داراییەکانیان بەڕێوەچوو، هەمان ڕۆژ ١٣ مامۆستا و فەرمانبەر مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند و لەبەردەم نووسینگەى نەتەوەیەکگرتووەکان لە شارى سلێمانى خێمەیان هەڵدا.
داواکاریى سەرەکیى مانگرتووان بریتیبوو لە: بەبانکیکردنى مووچەکانیان لە بانکە فیدراڵییەکان (تەوتین)، دەستپێکردنەوەى پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران، پێدانى مووچەى مانگى ١٢ـى ساڵى ڕابردوو و پێدانى مووچە بە ٣٠ ڕۆژ جارێک لە وادەى خۆیدا.