پەرەگراف
بەیانیی ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران کوتوپڕ چووەتە خێمەی مامۆستاو فەرمانبەرانی مانگرتوو لە سلێمانی.
سەرچاوەیەک لە مانگرتووان بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "جێگری سەرۆکی حکومەت دەوروبەری کاتژمێر 7:00ـی بەیانی بەبێ ئاگاداریی پێشوەختە هاتە ناو خێمەکە، لەکاتێکدا زۆرینەمان خەوتبووین".
ئەو سەرچاوە وتیشی "تەنیا سێچوار کەسمان بەخەبەر بووین و هیچ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ قوباد تاڵەبانی ئەنجام نەدرا".
سەبارەت بە ئامانجی سەردانەکەی جێگری سەرۆکی حکومەت، سەرچاوەکەی پەرەگراف وتی "تەنیا لە تەندروستیی پرسین بۆ هەواڵپرسین هاتبوو. لەگەڵ ئەوەدا وتیشی کێشەی مووچەی ئەمساڵ چارەسەر کراوە، کە ئەوە یەکێک لە داواکارییەکانی ئێمەیە".
سەرچاوەیەکی دیکە لە مانگرتووان دەڵێت "قوباد تاڵەبانی وتی پێم خۆش نییە لەم دۆخەدا دەتانبینم. پشتیوانتانم و یاداشتەکەتانم لەلایە، داواکارییەکانتان ڕەوایە".
قوباد تاڵەبانی داوای شکاندنی مانگرتنەکەی لە مانگرتووان نەکردووە و پاش ماوەیەکی کەم خێمەکەی جێهێشتووە.