نەوەی نوێ‌: بەشداری لە خۆپیشاندانە هەولێر دەكەین

08-02-2025 08:31

پەرەگراف

فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لەبارەی ئەگەری ئەوەی خۆپیشاندانەكەی سبەینێ‌ "پیلانی دەسەڵات" بێت هۆشدار دەدات و ڕایشیدەگەیەنێت "وەكوو جوڵانەوەی نەوەی نوێ و وەكوو فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان، نەك تەنیا پشتگیریی خۆپیشاندان لە هەولێر دەكەین، بەڵكو بەشداریش دەبین تیایدا".

بڕیارە سبەینێ‌ مامۆستایان و فەرمانبەران و چین و توێژە جیاوازەكان لە سلێمانی و شار و شارۆچكەكانی دەوروبەریەوە بەرەو هەولێر بكەونە ڕێ‌ بۆ گواستنەوەی ناڕەزایەتییەكان بۆ پایتەخت، ئەوەش لە بەرامبەر وەڵامنەدانەوەی داواكارییەكانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو.

فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "هیوادارین هەموو لایەك ئاگادار بن، بەتایبەت مامۆستایانی مانگرتووی بەڕێز، كە ئەمە پلانێكی دەسەڵات نەبێت بۆ لەباربردنی ئەو هەموو هەوڵ و ماندووبوونەیان و داخستنی خێمەكەیان نەبێت لە سلێمانی، كە ماوەیەكە مانیان لە خواردن گرتووە و ئازاریان كێشاوە".

فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ دەشڵێت "گرنگە هەروەك چۆن لە سلێمانی ناڕەزایی و مانگرتن بەردەوامە، ئاوها بەردەوام بێت تا مافەكانی مامۆستایان و مووچەخۆران وەردەگیرێتەوە. هەروەها گرنگیشە لە هەولێریش خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەردەوام بێت و ئێمەش پشتیوان و بەشدار دەبین".

نەوەی نوێ‌ پێی وایە "ئەم حكومەتەی مافی خەڵك و مووچەخۆران دەخوات، حكومەتی پارتی و یەكێتییە و هەردوولا وەكوو یەك بەرپرسن لە بڕینی قووت و مووچەی مووچەخۆران".