ناسنامەی سێ لەو چوار كەسە ئاشكرا كرا كە لە بۆردوومانەكەی چوارقوڕنەدا گیانیان لەدەست دا
پەرەگراف
تا ئێستا ناسنامەی سێ لەو چوار كەسە ئاشكرا كراوە كە ڕۆژی ٢٧-٠١-٢٠٢٥ لە بۆردوومانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا لە چوارقوڕنە گیانیان لەدەست دا. ئەو كەسانە ڕۆژنامەنووس و چالاك و ئەندامی پەیەدە و ڕێكخراوەكانی نزیك لە پەكەكە بوون.
ئەمڕۆ ٠٨-٠٢-٢٠٢٥، كۆردیناسیۆنی یەكێتیی ڕاگەیاندنی دیموكراتیك (یەرەدە)، لە ڕاگەیەندراوێكدا ناسنامەی یەكێكی دیكە لە قوربانیانی بۆردومانەكەی چوارقوڕنەی ئاشكرا كرد كە ڕۆژنامەنووسێكی خەڵكی باكووری كوردستانە.
یەرەدە دەڵێت "لە هێرشی ٢٧ـی كانوونی دووەمدا كە دەوڵەتی داگیركەری تورك ئەنجامی دا، هاوڕێی بەڕێزمان (عەزیز كۆیلوئۆغلو) شەهید بوو، كە ڕۆژنامەنووسێكی باش و میلیتانێكی ئازادیی بوو".
پێشتریش لە ٠٥-٠٢-٢٠٢٥، كۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ناسنامەی دوو لەو كەسانەی ئاشكرا كرد كە هەریەك لە سالیحە ڤیان (هێڤا عەرەبۆ) ئەندامی كۆردیناسیۆنی كۆنگرەی ستار و هۆگر دربەسێ (دلاوەر عەرەبۆ) ئەندامی پارتی یەكێتیی دیموكراتی سووریا (پەیەدە) بوون.
ڕۆژى ٢٧-٠١-٢٠٢٥، ئۆتۆمبێلێکى جۆری تۆیۆتا لاندکرۆزەر لە گوندی گردجان سەر بە ناحیەی چوارقوڕنە لە ئیدارەى ڕاپەڕین، بە درۆن کرایە ئامانج چوار سەرنشین گیانیان لەدەست دا.
كۆردیناسیۆنی یەكێتیی ڕاگەیاندنی دیموكراتیك (یەرەدە) دەربارەی ڕۆژنامەنووس عەزیز كۆیلوئۆغلو دەڵێت "لە ساڵی ١٩٧٦ لە شاری ئامەد لەدایك بووە. لە سەرەتای ساڵەكانی ٢٠٠٠ـدا لە ڕاگەیاندنی ئازاددا جێی خۆی گرت و لە پەیامنێری-كامێرامانییەوە هەتا سەرنووسەری و بەڕێوەبەری هەواڵ و بەڕێوەبەری گشتیی وەشان كاری كردووە".
یەرەدە ئاماژەی بەوە كردووە ئەو ڕۆژنامەنووسە لە "هەولێرەوە تا سلێمانی و كەركووك، لەوێوە تا مەخموور و هەموو شوێنەكانی باشووری كوردستان، لە دێركی ڕۆژئاوای كوردستانەوە تا عەفرین، لە هەموو شوێنێك و لە هەموو ئاستێكدا كاری ڕاگەیاندن و چاپەمەنی بەڕێوە برد".
كۆردیناسیۆنی كۆنگرەی ستار (كەژەكە)یش سەبارەت بە سالیحە ڤیان (هێڤا عەرەبۆ) دەڵێت "لە تەمەنێكی گەنجییەوە بەشداری نێو ڕیزەكانی تەڤگەری ئازادی بوو. بە فەلسەفەی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ پەرەی بەخۆی دا. تا كۆتایی بۆ ژیانێكی ئازاد و بە شكۆ تێكۆشا".
هەریەك لە دلاوەر عەبدولقادر عەرەبۆ لەدایكبووی ساڵی ١٩٩٠ و هێڤا عەرەبۆ لەدایكبووی ساڵی ١٩٨١، خەڵكی شاری دربەسبی ڕۆژئاوای كوردستانن.