مانگرتووان مەرجەكانی شكاندنی مانگرتن ڕادەگەیەنن؛ لە بێباكیی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی تووڕەن
پەرەگراف
مانگرتووان مەرجەكانیان بۆ شكاندنی مانگرتن ئاراستەی بەرپرسانی باڵای حكومەتی هەرێم كرد. دەشڵێن "وتەبێژی حكومەت بە زمانێكی ناشایستەی پڕ لە تۆمەتباركردن، پەیامی حكومەتی سەبارەت بە ئێمە بەیان كرد".
لە دوایین پەیامیاندا، مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتووی سلێمانی دەڵێن "گیانی 13 هاونیشتمانی بۆ سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی كە ماڵەكەی كیلۆمەترێك لە ئێمەوە دوورە، هیچ بەهایەكی نەبوو".
هەروەها ڕایانگەیاند كە بە مەرجی "بەڵێنی جێبەجێكردنی داواكارییەكانمان لە ماوەیەكی دیاریكراودا و دابەشكردنی مووچەی مانگی 12 بۆ دەربڕینی نیەتپاكی"، ئامادەن مانگرتنەكەیان بشكێنن، بە پێچەوانەوە لە "مانگرتن بەبێ وەرگرتنی چارەسەر تا مردن" بەردەوام دەبن.
بەیانیی ئەمڕۆ هەینی 07-02-2025، لە یازدەیەمین ڕۆژی مانگرتنەكەیاندا، مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتووی سلێمانی لە بەرامبەر وەڵامنەدانەوەی داواكارییەكانیان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، وەرگرتنی چارەسەری تەندروستیشیان ڕاگرت، بەوەش ژیان كەوتووەتە بەردەم مەترسی.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكێك لە مانگرتووان بە ناوی (مامۆستا دڵشاد بابان)، دۆخی تەندروستیی تێكچوو و بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە.
دكتۆ سەباح هەوارمی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی، ئەمڕۆ سەردانی مانگرتووانی كرد و وتی "لەمڕۆوە قۆناغێكی نوێ بۆ مانگرتووان دەست پێ دەكات. كێشیان دادەبەزێت و هەموو ئۆرگانەكانی لەشیان ڕوو لە لاوازبوون دەكەن".
سەبارەت بە ڕاگرتنی چارەسەری تەندروستی لەلایەن مانگرتووانەوە، د. سەباح هەورامی هۆشداریی لە مەترسییەكانی دا و وتی "داواكارین مانگرتووان بەردەوام بن لە وەرگرتنی چارەسەری تەندروستی، چونكە وەرنەگرتنی چارەسەر مەترسیی گەورە لەسەر ژیانیان دروست دەكات".
هەر ئەمڕۆ گردبوونەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران و چین و توێژە جیاوازەكان لەبەردەم خێمەی مانگرتووان بەڕێوەچوو و پاڵپشتییان بۆ دووپات كردنەوە.
ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییش ڕایگەیاند "ڕۆژی یەكشەممە 09-02-2025، لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانەوە بۆ پشتیوانی لە مانگرتووان، بەرەو هەولێر (كە چەقی بڕیاردانە) بەڕێ بكەوین، تا دەسەڵات لە نزیكەوە دەنگ و ناڕەزایەتیی مانگرتووەكانمان و چین و توێژە جیاوازەكان ببینێت و ببیستێت".