پەرەگراف
سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتووی سلێمانی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكییان ڕاگرت و دەڵێن "یان مردن، یان وەڵامدانەوەی داواكارییەكانمان". بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانیش هۆشداری لە مەترسییەكانی ئەو هەنگاوە دەدات و دەڵێت "داواكارین مانگرتووان بەردەوام بن لە وەرگرتنی چارەسەری تەندروستی".
پاش تێپەڕاندنی 10 ڕۆژ لە مانگرتن لە خواردن، لەمڕۆوە مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتووی سلێمانی قۆناغێكی نوێیان دەست پێ كرد و ئەو چارەسەرە پزیشكییانەشیان ڕاگرت كە ڕۆژانە بۆیان دەكرا.
ئەم هەنگاوەی مانگرتووان لە بەرانبەر وەڵامنەدانەوەی داواكارییەكانیانە لەلایەن حكومەتی هەرێم، بەتایبەت سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی.
مانگرتووان ڕایانەیاند "یان لە مانگرتنی تەواوەتی بەردەوام دەبن تا مردن، یان دەبێت وەڵامی داواكارییەكانیان بدرێتەوە".
دكتۆ سەباح هەوارمی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی، ئەمڕۆ سەردانی مانگرتووانی كرد و وتی "لەمڕۆوە قۆناغێكی نوێ بۆ مانگرتووان دەست پێ دەكات. كێشیان دادەبەزێت و هەموو ئۆرگانەكانی لەشیان ڕوو لە لاوازبوون دەكەن".
سەبارەت بە ڕاگرتنی چارەسەری تەندروستی لەلایەن مانگرتووانەوە، د. سەباح هەورامی هۆشداریی لە مەترسییەكانی دا و وتی "داواكارین مانگرتووان بەردەوام بن لە وەرگرتنی چارەسەری تەندروستی، چونكە وەرنەگرتنی چارەسەر مەترسیی گەورە لەسەر ژیانیان دروست دەكات".