پەرەگراف
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ خۆپیشاندانی فراوان بۆ پاڵپشتی لە مامۆستا و فەرمانبەرانی مانگرتوو لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت. ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییش ڕایگەیاند "ڕۆژی یەكشەممە 09-02-2025، لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانەوە بۆ پشتیوانی لە مانگرتووان، بەرەو هەولێر (كە چەقی بڕیاردانە) بەڕێ بكەوین، تا دەسەڵات لە نزیكەوە دەنگ و ناڕەزایەتیی مانگرتووەكانمان و چین و توێژە جیاوازەكان ببینێت و ببیستێت".
ئەنجوومەنەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا كە شەوی ڕابردوو بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێت "13 هاوڕێمان 10 ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە، بەو ئومێدەی دەسەڵاتی ملهوڕ و بێباك، سۆز و ویژدانیان بجوڵێت و بەدەم داواكارییەكانی هەموومانەوە بێن، بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانە نەك خەباتی مەدەنی، بگرە بەرەو مەرگچوونی ئازیزانمان نایانهەژێنێت".
لە ڕاگەیەندراوەكەدا كە ئاراستەی مامۆستایان و زانایانی ئایینی كراوە، داوایان لێ كراوە لە وتاری ڕۆژی هەینیدا پشتیوانی خۆیان بۆ "مانگرتووانی خێمەی شكۆ و هەردوو خۆپیشاندانی ئەمڕۆ و یەكشەممە" دەرببڕن.
دەقی ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی:
بەڕێزان: مامۆستایان و زانایانی ئایینی
وەك ئاگادارن ماوەی 10 ساڵە، بەهۆی ئەو هەموو ستەم و برسیكردن و بێباكییەی دەسەڵاتدارانی هەرێم، بەرامبەر سەرجەم مووچەخۆران و چینوتوێژەكان پەیڕەوی دەكات؛ مامۆستایان ساڵانە پەنایان بردووەتە بەر بایكۆتی ناچاری دەوام و لە شەقامدا، بە گەرما و سەرما و بەفر و باران، خۆپیشاندانی مەدەنی و هێمنانەیان ئەنجامداوە؛ لە دوواهەمین هەنگاو و كارتی فشاری ناڕەزایەتیدا؛ (13) هاوڕێمان لە شاخی گۆیژەی كانگای سەرمابردەڵەیی؛ ماوەی (10) ڕۆژە مانیان لە خواردن و خواردنەوە گرتووە؛ بەو ئومێدەی دەسەڵاتی ملهوڕ و بێباك، سۆز و ویژدانیان بجوڵێت و بەدەم داواكارییەكانی هەموومانەوە بێن و لەم مەینەتی و برسیكردن و بێكەرامەتیكردنەی بۆیان خولقاندووین، بەیەكجاری ڕزگارمان ببێت؛ بەڵام بەداخەوە ئەم دەسەڵاتدارانە وەك ئەوەی لەو پێڕە بن كە ئایەتی "خَتَمَ اللَّهُ عَڵیٰ قُلُوبِهِمْ ۆعَڵیٰ سَمْعِهِمْ ۖ ۆعَڵیٰ أَبْصَاڕهِمْ غِشَاۆەٌ ۖ ۆڵهُمْ عَژَابٌ عَڤِیمٌ." دەیانگرێتەوە؛ نەك خەباتی مەدەنیی، بگرە بەرەو مەرگچوونی ئازیزانمان نایانهەژێنێت و لە خەوی پڕغەفڵەتی تاڵانكاریی و لەزەتبردن لە ئازاردانی میللەت و مووچەخۆران، بەئاگا نایەن.
بەو هۆیەوە بڕیارمانداوە، ڕۆژی یەكشەممە 9/ 2/ 2025 ئێمە لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانەوە؛ بۆ پشتیوانی لە هاوڕێ مانگرتووەكانمان، بەرەو هەولێر (كە چەقی بڕیاردانە) بەڕێ بكەوین، تا دەسەڵات لەنزیكەوە دەنگ و ناڕەزایەتی هاوڕێ مانگرتووەكانمان و چینوتوێژە جیاوازە بەشمەینەتەكان، ببینێت و ببیستێت.
بۆیە داواتان لێدەكەین لەژێر ڕۆشنایی ئەم فەرموودە پیرۆزەی پێغەمبەری ئازیزمان (صَلّی اللهُ عَڵیْهِ وسَلَّم): «أفچل الجهاد كلمە حق عند سُلْگَانٍ جَائِر»، بەرامبەر بەم هەموو نادادیی و چەوسانەوە و شكۆشكاندنەی دەسەڵاتداران، هاوشانی مامۆستایان بێنەدەنگ، بۆ ئەم مەبەستەش داواتان لێدەكەین:
1ـ لە وتاری ڕۆژی هەینیدا پشتیوانی خۆتان بۆ مانگرتووانی خێمەی شكۆ دەرببڕن و لە خەڵك بگەینن، ئەم قوربانیدانە بۆ هەمووانە.
2ـ لە وتارەكەدا پشتیوانی خۆتان بۆ:
ٲـ خۆپیشاندنی ڕۆژی هەینی كاتژمێر (2) دەرببڕن، كە لە (پاركی مەلیك مەحموود)ەوە بەرەو خێمەی مانگرتووان دەڕۆین.
ب ـ ئەو خۆپیشاندانە دەرببڕن، كە ڕۆژی یەكشەممە لەگەڵ مانگرتووان دەڕۆین بەرەو هەولێر، داوا لە خەڵك بكەن بەشداربێت لەگەڵمان.
تەنانەت دەكرێت لە تۆڕی كۆمەڵایەتی خۆتاندا، ئەزیەت بكێشن و پێشوەخت بانگەوازی خۆپیشاندانەكان بڵاوبكەنەوە، بۆئەوەی خۆتان و زۆرترین كەس بەشداربێت لەم جیهادە مەدەنییەدا.
مامۆستایانی ئازیز دڵنیاتان دەكەین، ناڕەزاییەكانی ئەمجارەی مامۆستایان ڕێچكەیەكی گرتووە، كە لەپێناو شكۆ و بژێوی هەموواندا بێت؛ خوانەخواستە بەبێ دەستكەوت و بەلاوازی كۆتایی پێبێت، هەموومان باجەكەی ئەدەین و وەك چەند ساڵی ڕابردوو شەقام و هەڵوێست ئەمرێت و دەسەڵاتیش دەیان هێندەی دیكە، ملهوڕتر ئەبێت.
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی
6/ 2/ 2025