سوودانى: بەردەوام دەبین لە ناردنى مووچە و بەو هیوایەى هەرێمیش تێبینییەکان لەبەرچاو بگرێت
پەرەگراف
محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، ڕایگەیاند کە پاش ناردنى مووچەى مانگى یەک، "بەشێوەیەکى ڕێکوپێک" بەردەوام دەبن لە ناردنى مووچەى مانگەکانى داهاتووى هەرێمى کوردستان. هاوکات دەڵێت "بەو ئومێدەى هەرێمى کوردستان تێبینییەکانى وەزارەتى دارایی فیدراڵ لەبەرچاو بگرێت".
سەرۆکوەزیرانى عێراق لە چاوێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵى شەرق، جەختى لەوەش کردەوە کە "کێشەى مووچەى هەرێمى کوردستان تەکنیکییە، نەک هەڵوێستێکى سیاسىیی بەغداد".
"پرسى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان پەیوەستە بە بودجە لە ڕێگەى وەزارەتى دارایی فیدراڵەوە، بە گوێرەى بڕیارى دادگاى باڵاى فیدڕاڵى و میکانیزمێک کە بۆ تەوتینکردنى مووچە و ڕادەستکردنى داهات دیاری کراوە"، سەرۆکوەزیرانى عێراق وا دەڵێت.
سوودانى ئاماژەى بەوەش کردووە کە بەمدواییانە کێشە تەکنیکییەکانى بەردەم مووچە تێپەڕێندرا و مووچەى مانگى یەک ڕەوانەى هەرێمى کوردستان کرا.
ناردنى مووچەى مانگى یەک پاش ئەوە هات کە ئێوارەى ڕۆژى ٠٣-٠٢-٢٠٢٥ وەزیری دارایی هەرێم گەیشتن بە ڕێككەوتنی لەگەڵ بەغداد لەسەر كێشەی مووچە ڕاگەیاند و وتى "كێشەی مووچەخۆران بۆ ساڵی 2025 تەواو بوو. لە سبەی و دووسبەی بەرنامەی دابەشكردنی مووچەی مانگی یەك دەست پێ دەكات".
ئاوات شێخ جەناب لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغداد وتیشی "دوای دانوستانێكی دوور و درێژ، ماوەی 10 ڕۆژ لە هەولێر و پێنج ڕۆژ لە بەغداد، ئەنجامەكەی بەخێر شكایەوە و توانیمان ڕێككەوتن لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بكەین كە بۆ ساڵی 2025 بەبێ گرفت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بكرێت".
گەیشتن بە ڕێککەوتنى هەرێم و بەغداد پاش ئەوە هات کە پەرلەمانى عێراق ڕۆژی 2ـى ئەم مانگە هەموارى یاسای بودجەى تایبەت بە بەرهەمهێنان و گواستنەوە و ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانى پەسەند کرد. بەپێى یاساکە تێچووى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوتى هەرێم بۆ هەر بەرمیلێک بۆ ١٦ دۆلار بەرز کراوەتەوە، هەروەها دەبێت هەرێمى کوردستان ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستى کۆمپانى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) بکات بۆ هەناردەکردنى، داهاتەکەشى دەچێتە خەزێنەى گشتیى عێراق.
محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، دەڵێت "دواى ئەو هەموارە، ئومێدەوارین بەمنزیکانە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەست پێ بکاتەوە".
ڕۆژى ٠٣-٠٢-٢٠٢٥، وەزیری نەوتی عێراق دەستپێکردنى ڕێكارەكانی ڕادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانى بە كۆمپانیای سۆمۆ ڕاگەیاند، بە ئامانجی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەی جەیهانی توركیاوە. دەشڵێت "ئەو قەرزانەی لەسەر هەرێمی كوردستانن، ڕێككەوتنیان لەسەر دەكرێت".
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، بە میدیای فەرمیی عێراقی ڕاگەیاند "وەزارەتی نەوت نووسراوێکی فەرمیی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ ڕادەستکردنی نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ".
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، لە 25-03-2023ـەوە ڕاگیراوە، ئەوەش پاش بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس لە بەرژەوەندیی سکاڵایەکی وەزارەتی نەوتی عێراق دژی تورکیا.