نوێنەرى پووتین بانگهێشتى مەسروو بارزانى بۆ مۆسکۆ دەکات

06-02-2025 04:47

پەرەگراف

نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ڕووسیا سەردانى هەرێمى کوردستانى کرد و لەگەڵ سەرۆکى حکومەتى هەرێم گفتوگۆیان لەسەر دۆسیەى نەوت کردووە. مەسروور بارزانى ڕایگەیاند "هەموارکردنی یاسای بودجەی فیدراڵ و ڕێککەوتن لەسەر هەناردکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ".

ئێوارەی ئەمڕۆ شاندێكی ڕووسیا بە سەرۆكایەتیی میخائیل بەگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتیی سەرۆكی ڕووسیا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا كە هاوكات جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەیە، سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆبووەوە.

نوێنەرەكەی ڤلادیمێر پووتین بە فەرمی بانگهێشتی مەسروور بارزانیی كردووە بۆ مۆسكۆ. سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش خواستی هەرێمی كوردستانی بۆ "برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە" دووپات كردوەتەوە.

مەسروور بارزانی دەڵێت "بیروڕامان لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی عێراق و ناوچەكە و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕووسیا ئاڵوگۆڕ كرد".

سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەشڵێت "نوێنەری تایبەتیی سەرۆكی ڕووسیا ئاماژەی بە پێگەی گرنگی هەرێمی كوردستان و پەیوەندیی دۆستانە و لەمێژینەی وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كرد و جەختی لە گرنگیی بەهێزكردنی پەیوەندییەكان كردەوە".

تەوەرێكی گفتوگۆكان چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ بووە، لەناویشیاندا دۆسیەی نەوت. مەسروور بارزانی ڕایگەیاندووە "هەمواركردنی یاسای بودجەی فیدراڵ و ڕێككەوتن لەسەر هەناردكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانمان، هەنگاوێكی ئەرێنییە".

بەشێكی دیكەی گفتوگۆكان تایبەت بووە بە دوایین گۆڕانكارییەكانی بارودۆخی سووریا. سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت "هاوڕابووین لەسەر پێویستیی پاراستنی ئاسایش و ئارامی و مافەكانی گەلی كورد و گشت پێكهاتەكانی سووریا".