دەیەم ڕۆژى مانگرتنى مامۆستایان و فەرمانبەران لە سلێمانى؛ پەیامى 'بەردەوامى تا مردن' بۆ دەسەڵات دەنێرن
پەرەگراف
مانگرتنى مامۆستایان و فەرمانبەرانى سلێمانى لە کەشێکى ساردى بەفر و باراناویدا بۆ دەیەم ڕۆژ بەردەوامە. باراناو چووەتە ناو خێمەى مانگرتووان و سەرماى بنارى گۆیژە دۆخێکى سەختى بۆ دروست کردوون، بەڵام ئەوان دەڵێن "تا وەڵامدانەوەى ڕاستەقینەى داواکارییەکانمان بەردەوام دەبین، بە پێچەوانەوە تا مردنى خۆمان لەسەرى دەڕۆین".
تا ئێستا مەسروور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێم و قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم کە ڕووى داواکارییەکان لەوانە، نە سەردانى مانگرتووانیان کردووە، نە هیچ پەیامێک یان وەڵامێکیان بۆ داواکاریەکانیان هەیە، ئەمەش مامۆستایان و فەرمانبەرانى زیاتر نیگەران کردووە.
مامۆستا هادى حەمەڕەشید یەکێکە لە مامۆستایانى مانگرتوو، ئامانجى بەردەوامییان لە مانگرتن جگە لە داواکارییە سەرەکییەکان، بە "دروستکردنى قەزیە"ش ناو دەبات و دەڵێت "ئێمە هاتووین لێرە تەندروستیمان تێک بچێت و قەزیە (پرس) دروست بکەین. ئەگەر ئەم میللـەتە هیچ شتێک نایجووڵێنێت و قەزیەى لا دروست ناکات، ئەوە شتێکى ترە".
ئەو مامۆستایە لەناو خێمەى مانگرتنەکەوە بۆ پەرەگراف دوا و بە سەرسوڕمانەوە نیگەرانیى خۆى لەوە دەربڕى کە "بۆچى خەڵک هیچ شتێک نایجووڵێنێت؟!". وتيشى "نیگەرانى دۆخى خۆمان نیین، نیگەرانى ئەو خەڵکەین کە بە هیچ ناجووڵێت!".
سەبارەت بە وەڵامدانەوەى داواکارییەکانیان، مامۆستا هادى حەمەڕەشید دەڵێت "تا ئێستا هیچ شتێک کە شاوى ئەوە بێت ئێمە مانگرتنى پێ بشکێنین، بە دەستى ئێمە نەگەیشتووە. ئەوەى هەیە تەنیا بەڵێن و پەیامى دەستى دووە، لایەنى پەیوەندیدار خۆى ڕاستەوخۆ پەیوەندیى پێوە نەکردووین و داواکارییەکانمان وەکوو خۆى ماوە".
ئەو مامۆستایە پەیامى ئەوەى بە دەسەڵاتداران دا کە گرەو لەسەر ئەوە نەکەن "ئێمە شوێنمان خراپ بێت و بەفر و سەرما بێت، تەنانەت ئێرەش چۆڵ بکرێت، مانگرتن بشکێنین، ئێمە گرنگ نییە بەلامانەوە چى دەبێت، یان مردن، یان جێبەجێکردنى داوا ڕەواکانمان".
بەبانکیکردنى مووچەکانیان لە بانکە فیدراڵییەکان بەپێى بڕیارى دادگاى فیدراڵى و دەستپێکردنەوەى پلەبەرزکردنەوە، دوو داواکاریى سەرەکیى مامۆستایان و فەرمانبەرانى مانگرتوون. هەروەها داواى پێدانى مووچەى مانگى ١٢ـى ساڵى ڕابردوو و دابەشکردنى مووچە لە کاتى خۆى بە ٣٠ ڕۆژ جارێک دەکەن.
مامۆستا و فەرمانبەرانى مانگرتوو کە ژمارەیان ١٣ کەسە، ١٠ ڕۆژە لەبەردەم نوێنەرایەتیى نەتەوەیەکگترووەکان لە سلێمانى مانیان لە خوارد گرتووە و بەردەوام لەژێر چاودێریى پزیشکیدان، زۆرینەیان چەند جارێک بارى تەندروستییان تێک چووە و بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە، بەڵام سوورن لەسەر مانگرتن تا جێبەجێکردنى داواکارییەکانیان.