پاسەوانی سنوور ٢٨ کەسی ئاسیاییان لە سلێمانی دەستگیر کرد

06-02-2025 01:41

پەرەگراف

هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق لە سلێمانی ٢٨ کەسی بە ڕەگەز ئاسیاییان دەستگیر کرد کە هەوڵی دزەکردنە ناو خاکی عێراقیانداوە بە نایاسایی لە سنورەکانی پارێزگای سلێمانییەوە.

عەمید میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، ئەو کەسانە لەلایەن فەوجی یەکەمی لیوای سێیەمی پاسەوانی سنوور دەستگیر کراون، ئەوەش وەک بەشێک لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ سنووردارکردنی دزەکردن و ئۆپەراسیۆنەکان دژی قاچاخچێتی.

ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر دەستگیرکراوەکان گیراوەتەبەر، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، هێزەکانی پاسەوانی سنوور پابەندن بە ڕێگریکردن لە دزەکردنی نایاسایی بۆ ناو خاکی عێراق و بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان.

پاسەوانی سنور سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقە، بەڵام لە هەرێمی كوردستاندا بە نزیكەیی هەمویان لە هاوڵاتیانی كورد پێكهاتون و چەندین ساڵە لە هەندێك ناوچەی سنوریدا بازگە و بارەگایان هەیە.

هەرێمی كوردستان بەدرێژایی رۆژهەڵات، باكور و باكوری خۆرئاوا، سنور و دەروازەی فەرمیی لەگەڵ ئێران، توركیا و سوریا هەیە.