سۆران عومەر: بە نووسراوێك داوا لە سوودانی دەكەم 100 هەزار دینار هاوكارییەكە خانەنشینانی هەرێمیش بگرێتەوە
پەرەگراف
سۆران عومەر ڕایدەگەیەنێت، یاسای خانەنشینیی عێراق بەسەر خانەنشینانی هەرێمیشدا جێبەجێ كراوە و بە یەكجاری مووچەكانیان هاوتا كراوە. دەشڵێت "نامەیەك ئاراستەی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكەم بۆ ئەوەی 100 هەزار دینار هاوكارییەكە خانەنشینانی هەرێمیش بگرێتەوە".
شەوى ٠٥-٠٢-٢٠٢٥، سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ئەمشەو لەگەڵ بەڕێوەبەری خانەنشینیی عێراق قسەم كرد و سەبارەت هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینان و ئەو 100 هەزار دینار هاوكارییەی كە بە بڕیاری سەرۆكوەزیران بۆ خانەنشینان خەرج دەكرێت، پرسیارم لێ كرد".
بەڕێوەبەری خانەنشینیی عێراق لە وەڵامدا بەو پەرلەمانتارەی وتووە "یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی عێراقمان بەسەر خانەنشینانی هەرێمیشدا جێبەجێ كردووە، هەر بەو هۆیەوە پارەی مووچە زیاتر لە ترلیۆنێك دیناری چووەتە سەر".
سەبارەت بە 100 هەزار دینارەوەكەش، بەڕێوەبەری خانەنشینیی عێراق وتوویەتی "ئەو 100 هەزار دینارە تەنیا بۆ خانەنشینانی عێراقە، بۆ ئەوەی خانەنشینانی هەرێم بگرێتەوە، پێویستە بڕیارەكە لەلایەن محەمەد شیاع سوودانییەوە گۆڕانكاریی تێدا بكرێت".
سۆران عومەر ڕایگەیاند "سبەینێ نووسراوێك ئاراستەی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكەم و داوای لێ دەكەم ئەو بڕیارە خانەنشینانی هەرێمیش بگرێتەوە، چونكە ئەوانیش هەر هاووڵاتیی عێراقین".
بە بڕیارێكی سەرۆكوەزیرانی عێراق، مانگانە لەگەڵ مووچەدا 100 هەزار دینار هاوكاری دەدرێت بەو خانەنشینانە عێراقییانەی كە مووچەكانیان لە خوار یەك ملیۆن دینارەوە.
لەدوای هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراق، لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەو 100 هەزار دینارە بۆ خانەنشینانی هەرێمیش خەرج كرا. لە مووچەى مانگى یەکى ئەمساڵدا ئەو 100 هەزار دینارە لە خانەنشینانى هەرێم بڕدراوە.
سۆران عومەر بۆ پەرەگراف وتى "ئەو چەند مانگە حكومەتی هەرێم خۆی 100 هەزار دینارەكەی خەرج كردووە، نەك عێراق".
مانگی تەمووزی ساڵی ڕابردوو، حكومەتی هەرێم تاكلایەنە مووچەی خانەنشینانی هەرێمی هاوتای خانەنشینانی عێراق كرد، لەكاتێكدا ئەو بابەتە لیژنەیەكی هاوبەشی لەنێوان هەرێم و بەغدا بۆ پێكهێنرا بوو.
بە پاساوى ئەوەى لیژنەکە بڕیارى کۆتایى لەسەر بابەتەکە نەدابوو، وەزارەتى دارایى عێراق ئامادە نەبوو زیادەى هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینان خەرج بکات، بۆیە وەزارەتى دارایى هەرێم لە مانگى حەوتى ٢٠٢٤ـەوە تا مانگى ١١یش خۆى زیادەکەى خەرج کرد، جگە لە مووچەى مانگى ١٢ کە هەر دابەش نەکرا.
هەرچەندە ئەنجامى کارەکانى ئەو لیژنە هاوبەشەى نێوان هەرێم و بەغدا بۆ هاوتاکردنى خانەنشینى دیار نییە، بەڵام لە مانگى یەکى ئەمساڵەوە مووچەى خانەنشینانى هەرێم بە هاوتاکراوى خەرج کراوە.