دادگای فیدراڵی بۆ ئەنجوومەنی دادوەری: بڕیارەكانمان یەكلاكەرەوە و پابەندكەرن بۆ هەموو دەسەڵاتەكان

05-02-2025 05:35

پەرەگراف

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە وەڵامی ڕاگەیەندراوەكەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقدا دەڵێت "بڕیارەكانمان، بە فەرمانە سالاری (وەلائی)یەكانشەوە، یەكلاكەرەوە و پابەندكەرن بۆ هەموو دەسەڵاتەكان".

ئەمڕۆ چوارشەممە 05-02-2025، ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق فەرمانە سالارییەكەی دادگای فیدراڵی ڕەت كردەوە كە تێیدا جێبەجێكردنی هەرسێ‌ یاسای (لێبوردنی گشتی، باری كەسێتی، گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵ)ـی ڕاگرتووە تا یەكلاكردنەوەی سكاڵایەك.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەڵێت، ناكرێت (یاساكانی باری كەسی و گەڕاندنەوەى موڵكوماڵ) تانەیان لێ بدرێت، چونكە لە ڕۆژنامەی فەرمیی (وەقائیع) بڵاو نەكراونەتەوە. دەشڵێت "بەپێی دەستوور، هیچ یاسایەك پەك ناخرێت، ئەگەر بڕیاری نادەستووریبوونی نەدرابێت. بۆیە ڕاگرتنی جێبەجێكردنی یاساكان بە لێبوردنی گشتیشەوە، بڕیارێكی نەگونجاوە".

لە وەڵامی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریدا، دادگای باڵای فیدراڵی ڕایگەیاند "بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی یەكلاكەرەوە و پابەندكەرن، بەگوێرەی حوكمەكانی ماددەی (٩٤)ـی دەستووری كۆماری عێراقی ساڵی ٢٠٢٥ كە دەڵێ (بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی یەكلاكەرەوە و پابەندكەرن بۆ هەموو دەسەڵاتەكان".

دادگای فیدراڵی ئاماژە بەوە دەكات كە دەقە دەستوورییەكە "هەموو ئەو حوكم و بڕیارانە دەگرێتەوە كە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە دەرچوون، بە فەرمانە سالارییەكانیشەوە".

هەرچەندە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ڕایگەیاندووە كە "فەرمانی سالاریی دادگای فیدراڵی بۆ ڕاگرتنی یاساكان كاتییە و پابەندكەر نییە". بەڵام دادگای فیدراڵی جەخت دەكاتەوە كە "دەستوور هەموو بڕیارەكانی دادگای پاراستووە لە تانەلێدان و جێبەجێكردنیشی پابەند كردووە".

ڕۆژى سێشەممە ٠٤-٠٢-٢٠٢٥، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە بڕیارێکی سالاری (وەلائی) جێبەجێکردنی یاساکانی (باری کەسێتی، لێبوردنی گشتی، گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان)ـی ڕاگرت.

ئەو سێ یاسا ڕۆژى ٢١-٠١-٢٠٢٥ بە ڕێککەوتنی نێوان زۆرینەی شیعە و سوننە و کورد لە دانیشتنى پەرلەمانى عێراقدا پەسەند کران، بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتاران ناڕازی بوون لە شێوازی دەنگدان لەسەر یاساکان و تێپەڕاندنى هەرسێ یاساکەیان پێکەوە بە نایاسایی ناویان برد، دواتر لە دادگای فیدراڵی سكاڵایان تۆمار كرد.

دادگای فیدراڵی جێبەجێکردنی یاساکانی ڕاگرت تا یەکلابوونەوەی سكاڵاكان لەبارەی یاساییبوونی ڕێکارەکانی پەسەندکردن و دەنگدان لەسەریان، كە 10 پەرلەمانتار سكاڵایان لەوبارەیەوە تۆمار كردووە.

بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى کاردانەوەى ڕاستەوخۆى سوننەکانى بەدوادا هات، چونکە ئەوان چاوەڕێى جێبەجێکردنى یاساى لێبوردنى گشتین، کە بەهۆیەوە هەزاران دەستگیرکراوى سوننە ئازاد دەکرێن.

لە یەكەم كاردانەوەدا، محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق و سەرۆكی حیزبی تەقەدوم، ڕایگەیاند "بە هەموو شێوەیەك ڕووبەڕووی بڕیاری وەستاندنی جێبەجێكردنی یاسای لێبوردنی گشتی دەبینەوە. هەروەها داوای خۆپیشاندانی بەرفراوان دەكەین كە عەرشی ستەمكاران بهەژێنێت".

حەلبووسی كە یەكێك لە سەركردە دیارەكانی سوننەیە، وتیشی "ئێمە قبووڵ ناكەین دادگای فیدراڵی بە سیاسی بكرێت و لە ڕێگا شەرعییەكان بدرێت، ئێمە ڕووبەڕووی بڕیارەكە دەبینەوە".

"یاسای لێبوردنی گشتی، بۆ جیاكردنەوەی بێتاوان و زوڵملێكراوەكانە و تیرۆرستان ناگرێتەوە"، حەلبووسی وای وت.

هەر شەوی ڕابردوو لە پارێزگاكانی نەینەوا و سەلاحەدین و ئەنبار دەوامی فەرمی ڕاگیرا و بڕیار درا بۆ ئەمڕۆ دەرگای سەرجەم فەرمانگەكان دابخرێن، وەكوو ناڕەزاییەك دژی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كە جێبەجێكردنی یاسای لێبوردنی گشتی ڕاگرت.