پەرەگراف
ڕۆژنامەنووس بەشدار بازیانی لەسەر سكاڵایەك لە سلێمانی دەستبەسەر كرا و بڕیاری ڕاگرتنی تا 9ـی مانگ درا. سەنتەری میترۆ داوای دەستبەجێ ئازادكردنی بە كەفالەتى شوێنی كاركردنی دەكات. ڕۆژنامەنووس دانا ساڵح، هاوڕێی بەشدار بازیانی، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "هێشتا نازانین سكاڵاكە لەسەر چییە و لەلایەن كێوە تۆمار كراوە. لە نیوەڕۆ هەوڵ دەدەین، ڕێگەیان نەداوە بیبینین".
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگادار كراین كە ڕۆژنامەنووس بەشدار بازیانی داوا كراوە سەردانی بنكەی پۆلیسی سەرچنار بكات، پاش ڕۆیشتنی لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كراوە و دادوەرەری لێكۆڵینەوە بڕیاری داوە بە مانەوەی لە گرتووخانە تا 9ی شوباتی 2025".
هەردوو ڕۆژنامەنووس سەردەشت حەمەساڵح و دانا ساڵح، بۆ سۆراغی هاوڕێكەیان سەردانی گرتووخانەی گرتن و گواستنەوەی سلێمانییان كردووە، كە دەكەوێتە ناو بارەگای فەرماندەیی.
كاتژمێر 4:30 خولەكی ئێوارەی ئەمڕۆ، ڕۆژنامەنووس دانا ساڵح بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "لە نیوەڕۆوە هەوڵ دەدەین بەشدار بازیانی ببینین، بەڵام تا ئێستا ڕێگەیان نەداوە".
ئەو ڕۆژنامەنووسە وتیشی "لەبەر ئەوەی هێشتا خۆیمان نەبینیوە. ئێمەش نازانین ئەو ڕۆژنامەنووسە لەسەر سكاڵای كێ و بە چ تۆمەتێك ڕاگیراوە".
سەنتەری میترۆ دەڵێت "پێویستە كەیسەكانی ڕۆژنامەنووسی (نووسین و بیروڕا) بەپێی یاسای كاری ڕۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. هیچ یاسایەكی تر جێگەی یاسای ڕۆژنامەگەری ناگرێتەوە".
بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری - ژمارە 35ـی ساڵی 2007، نابێت ڕۆژنامەنووس لە كاتی تۆماركردنی سكاڵا لەسەری، دەستبەسەر و دەستگیر بكرێت. بەڵام تۆماركردنی سكاڵا بەپێی ماددەی 2 لە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، وای كردووە زۆر جار ڕۆژنامەنووسان دەستگیر بكرێن، ئەوەش ڕۆژنامەنووسانى نیگەران کردووە.