ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لە دژی دادگای باڵای فیدراڵی هەڵوێستی ڕاگەیاند

05-02-2025 01:52

پەرەگراف

 

ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لە دژی دادگای باڵای فیدراڵی هەڵوێستی ڕاگەیاندو دەڵێت: پێویستە دادگاکان یاسای لێبوردنی گشتی جێبەجێ بکەن.

ئەو هەڵوێستەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دوای کۆبوونەوەیەک هات کە ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتی فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنەکە بەڕێوەچوو لەبارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ ڕاگرتنی جێبەجێ کردنی سێ یاسا کە لە پەرلەمانی عێراق دەرچوون.

ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەڵێت، ناکرێت یاساکانی باری کەسی و موڵکوماڵ تانەیان لێبدرێت، چونکە لە ڕۆژنامەی فەرمیی(وەقائیع) بڵاونەکراونەتەوە.

ئەنجومەنەکە ئەوەش دەخاتەڕوو، بەپێی دەستوور هیچ  یاسایەک پەکناخرێت ئەگەر بڕیاری نادەستووریبوونی نەدرابێت و راگرتنی جێبەجێکردنی یاساکان بە لێبوردنی گشتیشەوە بڕیارێکی نەگونجاوە.

ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئەوەش دەخاتەڕوو فەرمانی سالاریی دادگای فیدراڵی بۆ ڕاگرتنی یاساکان کاتییەو پابەندکەر نییە، داواش لە دادگاکان دەکات پابەندبن بە جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتی بەپێی ئەو ڕێنماییانەی لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەرچوون بۆ جێبەجێکردنی یاساکە.

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دوێنێ بە بڕیارێکی سالاری (وەلائی) جێبەجێکردنی یاساکانی (باری کەسێتی، لێبوردنی گشتی، گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان)ـی ڕاگرت، ئەوەش کاردانەوەی فراوان و توڕەیی لایەنە سوننەکانی عێراق لێکەوتەوە کە داوای جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتی دەکەن.

ئەو سێ یاسایە بە ڕێککەوتنی نێوان زۆرینەی شیعە و سوننە و کورد پێکەوە دوو هەفتە لەمەوبەر پەسەند کران، بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتاران ناڕازی بوون لە شێوازی دەنگدان لەسەر یاساکان و بە نایاسایی ناویان برد، لە دادگای فیدراڵی سكاڵایان تۆمار كرد.

دادگای فیدراڵی جێبەجێکردنی یاساکانی ڕاگرت تا یەکلابوونەوەی سكاڵاكان لەبارەی یاساییبوونی ڕێکارەکانی پەسەندکردن و دەنگدان لەسەریان، كە 10 پەرلەمانتار سكاڵایان لەوبارەیەوە تۆمار كردووە.

ئەمڕۆ لە پارێزگاکانی نەینەواو سەلاحەدین و ئەنبار دەوامی فەرمی ڕاگیراو دەرگای سەرجەم فەرمانگەکان داخران، وەک ناڕەزاییەک دژی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی.

وەزیرو پەرلەمانتارو سەرکردەی حیزبە سوننەکان بە تووندی دژی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی وەستاونەتەوەو بانگەواز بۆ خۆپیشاندانی فراوان و دەربڕینی ناڕەزایی دەکەن.