یەکێتیى خانەنشینان: ١٠٠ هەزار دینارى هاوکاریى خانەنشینان ڕاگیراوە و مانگەکانى داهاتوو بۆیان دەگەڕێندرێتەوە
پەرەگراف
وتەبێژى یەکێتیى خانەنشینانى کوردستان دەنگۆى بڕینى ١٠٠ هەزار دینار لە مووچەى خانەنشینان ڕەت دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، تەنیا ئەو ١٠٠ هەزار دینار هاوکارییەى کە دەدرا بەو خانەنشینانەى مووچەکانیان لە یەک ملیۆن دینار کەمترە، ڕاگیراوە. دڵنیاییش دەدات کە "لە مانگەکانى داهاتوو بڕیارى خەرجکردنى هاوکارییەکە نوێ دەکرێتەوە و سەرجەم هاوکارییەکەیان لە مانگى یەکەوە بۆ دەگەڕێندرێتەوە".
سادق عوسمان، وتەبێژى یەکێتیى خانەنشینانى کوردستان، لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند "ئەو ١٠٠ هەزار دینارە، هاوکاریى سەرۆکوەزیرانى عێراقە و سێ ساڵە بۆ خانەنشینان خەرج دەکرێت. هاوکارییەكە پێویستە ساڵانە بڕیارى بۆ دەربکرێت بۆ خەرجکردنى".
سادق عوسمان جەختى کردەوە کە "بۆ مانگى دوو یان سێ بڕیارەکە نوێ دەکرێتەوە و ١٠٠ هەزارى مانگەکانى پێشوویش کە نەدراوە، بۆ خانەنشینان دەگەڕێندرێتەوە".