پەرەگراف
لە سبەینێوە شەپۆلێكی باران و بەفربارین ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكات و دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت. پێشبینیی بارینی بارانی "مامناوەند و بەلێزمە" دەكرێت. كەشناسێك دەڵێت "ئەم بارانە ترسی وشكەساڵی دەڕەوێنێتەوە".
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە كە "لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 05-02-2025، كاریگەریی شەپۆلی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سپیی ناوەڕاست درێژ دەبێتەوە بۆ سەر ناوچەكەمان. سەرەتا لە كاتەكانی ئێوارە لە ناوچە شاخاوییە بەرزەكان و سنوورییەكان و بەشێك لە ناوچەی جیاجیا، نمەباران دەست پێ دەكات، لەگەڵ بەفرێكی كەم لەسەر ناوچە سنوورییەكان".
كەشناسیی هەرێم دەشڵێت "ڕۆژی پێنجشەممە كاریگەریی ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەكەمان زیاد دەكات و باران لە سەرجەم ناوچەكەمان دەبارێت. ئاستی باران مامناوەند و هەندێ كات لێزمەباران دەبێت، ئەگەری هەورەتریشقەش هەیە".
لەگەڵ بارانبارینەكەدا، لە ئەنجامی هاتنی بارستە هەواییەكی سارد، شەپۆلێكی بەفربارین ناوچە سنوورییەكان و شاخاوییەكان دەگرێتەوە.
"كاریگەریی ئەم شەپۆلە تاكو كاتەكانی بەیانیی ڕۆژی هەینی بەردەوام دەبێت. پلەكانی گەرما بە گشتی (5-7) پلەی سیلیزی نزم دەبێتەوە و لە ناوچە شاخاوییەكان لە كاتەكانی بەرەبەیان دادەبەزێت بۆ سفر پلەی سیلیزی"، كەشناسی وا دەڵێت.
محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی، دەڵێت "شێوازی بارانبارینەكە ناوبەناو و زستانییە، كە بۆ دەغڵودان بەسوودە. بەپێی پێشبینییەكان ئەم بارانە لە سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ترسی وشكەساڵی دەڕەوێنێتەوە".