وەزیری نەوتی عێراق: ڕێكارەكانی ڕادەستكردنی نەوتی هەرێم بە كۆمپانیای سۆمۆ دەستی پێ كرد
پەرەگراف
وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، ڕێكارەكانی ڕادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەستی پێ كرد، بە ئامانجی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەی جەیهانی توركیاوە. دەشڵێت "ئەو قەرزانەی لەسەر هەرێمی كوردستانن، ڕێككەوتنیان لەسەر دەكرێت".
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، بە میدیای فەرمیی عێراقی ڕاگەیاند "وەزارەتی نەوت نووسراوێکی فەرمیی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ ڕادەستکردنی نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ".
حەیان عەبدولغەنی ئاشکرایشی کردووە کە هاوکات لەگەڵ حکومەتی تورکیا دەستیان بە ڕێکارەکان بۆ ئامادەکردنی هێڵی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا کردووە بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە.
وەکوو وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی پێ کردووە، ئەو بڕە نەوتەی کە دەبێت هەرێمی کوردستان ڕادەستی سۆمۆی بکات، نابێت لە "300 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە" کەمتر بێت.
سەبارەت بەو قەرزانەی کۆمپانیا نەوتییەکان کە لەسەر حکومەتی هەرێم هەن، عەبدولغەنی دەڵێت "لەبارەیانەوە ڕێکدەکەوین".
ئەم لێدوانەی وەزیری نەوتی عێراق پاش ئەوە دێت کە ڕۆژی یەکشەممە 02-02-2025، پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی پەسەند کرد، کە لە هەموارەکەدا گۆڕانکاری لە بڕگەی تایبەت بە نەوتی هەرێم کراوە.
بەپێی بڕگە هەموارکراوەکە، لیژنەیەکی تایبەتمەند پێک دەهێنرێت بۆ هەڵسەنگاندنی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان.
هەر بەپێی یاسای نوێی بودجە، بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی یەک بەرمیل نەوت 16 دۆلار بە هەرێم دەدرێت، ئەوەش بە ڕێککەوتنێکی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و کۆمپانیا بیانییەکانی نەوتی هەرێم بوو، کە دواتر لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەند کرا و ئاراستەی پەرلەمانی عێراق کرا.
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، لە 25-03-2023ـەوە ڕاگیراوە، ئەوەش پاش بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس لە بەرژەوەندیی سکاڵایەکی وەزارەتی نەوتی عێراق دژی تورکیا.