بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر؛ هێرشەکە زیانی بە کێڵگەکە نەگەیاندووە

02-02-2025 06:57

 

پەرەگراف

بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، هێرشەکە زیانی نەبووە. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت "بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە ئاساییە".

لەبارەی هێرشەکەوە، ڕەمک ڕەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ بە پەرەگرافی وت "کاتژمێر 7 بووە، تەقینەوە لە شوێنی خەزانەکانی کۆندێنسەیت ڕوویداوە و زیانی گیانیی نەبووە، لێکۆڵینەوە بەردەوامە".

سەرچاوەیەک لە کەمپی کۆرمۆر بە پەرەگرافی وت "هێرشەکە بە درۆن کراوە، دەنگێکی گەورە هات و تەقەیەکی زۆر بە ئاسماندا کرا. دواتر دۆخەکە ئاسایی بووەوە و زیانی گیانیی نەبووە".

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم  ڕایگەیاند "کاتژمێر 07:05 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، بێ ئەوەی هیچ زیانێک بە کێڵگە و کۆمپانیای دانە غاز بگەیەندرێت".

وەزارەتەکە دەشڵێت "بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە ئاساییە و پەستانی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا تا ئێستا ئاساییە و هەڵسەنگاندن بۆ زیانە مادییەکانی هێرشەکە دەکرێت".