وەزارەتى دارایى عێراق ناوەرۆکى کۆبوونەوەکانى نێوان شاندى هەرێم و بەغدا ئاشکرا دەکات
پەرەگراف
وەزارەتى دارایى عێراق ڕایگەیاند، تەیف سامی، وەزیرى دارایى عێراق، پاش کۆتاییهاتنى کۆبوونەوەکانى ئەمڕۆ، جەختى لەسەر "پێویستیی بەستنی کۆبوونەوەیەک لە وەزارەتی دارایی کردووەتەوە بۆ وردبینیکردن و دڵنیابوون لە لیستەکان، تێچووی ساڵانە، مانگانە و ئەنجامدانی گۆڕانکاریی پێویست بە خێراترین کات".
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئێوارەى ئەمڕۆ ٠١-٠٢-٢٠٢٥ بڵاوى کردەوە، وەزارەتى دارایى عێراق ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن تەیف سامی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەوە جێهێشتووە. ڕایدەگەیەنێت "وەزیرى دارایى عێراق ئامادەی هەموو کۆبوونەوەکان لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان بووە".
بەپێى ڕاگەیەندراوى وەزارەتى دارایى عێراق، لە کۆبوونەوەکاندا باس لە "چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و خانەنشینان کراوە و گفتوگۆی قووڵ بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە کراوە".
ماوەى دوو ڕۆژە شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیى وەزیرى دارایى بۆ چارەسەری کێشەکانی پەیوەست بە مووچە لە بەغدایە و لەگەڵ شاندى عێراق بە ەرۆکایەتیى وەزیرا دارایى عێراق لە کۆبوونەوەى بەردەوامدا بوون.
وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، لە بەیانیی ئەمڕۆوە تا ئێوارە، کاری لیژنە هاوبەشەکان بۆ وردبینیکردن و بەراوردکردنی داتای مووچەی خانەنشینانی مەدەنی و گرێبەستەکان و چاودێریی کۆمەڵایەتی بەردەوام بووە.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم، دوێنێ دوای کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، گفتوگۆکان لەسەر خشتەی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بووە. ئاماژەی بەوەشکرد، لە کەشێکی ئەرێنیدا لێکتێگەیشتن هەبوو، هیوادارن پڕۆسەکە یەکلایی بکرێتەوە و ڕۆژی یەکشەممە پارە بۆ دابەشکردنی مووچە بنێردرێت.