مانگرتنی مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی پێنج ڕۆژە بەردەوام؛ ‘تەندروستییان باش نییە’
پەرەگراف
پێنج ڕۆژە مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازی لەبەردەم نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سلێمانی خێمەیان هەڵداوەو ١٢ کەسیان مانیان لە خواردن گرتووە و جەخت لە بەردەوامیی دەکەنەوە لە پێناو بەدەستهێنانی مووچەکانیان.
نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، داوا لە خەڵک دەکەین سبەینێ بکەنە ڕۆژی فراوانی ناڕەزایی لەبەردەم خێمەی مانگرتووان، وتیشی: "بەهۆی مانگرتنەوە دۆخی تەندروستی مانگرتووان باش نییەو ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبن".
تیمە تەندروستییەکان بە بەردەوامی لە ژێر خێمەکەدا چاودێری دۆخی تەندروستی مانگرتوان دەکەن و پشکنینی پزیشکییان بۆ دەکەن، مانگرتووان تەنها ئاو، قاوەو چا دەخۆنەوە.
داواکاریی مامۆستاو فەرمانبەرانی مانگرتوو و ناڕازییەکان، گەڕانەوەی شکۆیە بۆ تاک کە دەڵێن بە دابینکرنی مووچە دەبێت، لەگەڵ بە نیشتیمانی کردنی مووچەو دوورخستنەوەی لە ململانێی سیاسی، دابینکردنی ژیانێکی شایستە لە ڕێگەی پێدانی مووچە لەکاتی خۆیداو گێڕانەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکانیان، هاوکات دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەی مووچەخۆران کە لە ٢٠١٦وە ڕاگیراوە یەکێکی دیکەیە لە داواکارییەکانیان.
مووچەخۆران هێشتا مووچەی مانگی ١٢ی ٢٠٢٤یان وەرنەگرتووەو بەوهۆیەوە بایکۆتی فراوان لە سنوری سلێمانی دەستیپێکردووەو لە بەشێکی زۆری قوتابخانەکان دەوام ڕاگیراوەو خوێندن پەکیکەوتووە بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە.