پەرەگراف
بۆ ڕۆژی دووەم کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق لە بەغداد بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم ناردنی مووچەی هەرێم.
وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویکردەوە، تیمە هونەریەکانی وەزارەتی دارایی هەرێم لەگەڵ تیمە هونەریەکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بەردەوامن لە کۆبوونەوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هونەریەکان، چاوەڕێ دەکرێت لە نزیکترین کاتدا کارەکان تەواو بکەن.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم، دوێنێ دوای کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، گفتوگۆکان لەسەر خشتەی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بووە. ئاماژەی بەوەشکرد، لە کەشێکی ئەرێنیدا لێکتێگەیشتن هەبوو، هیوادارن پڕۆسەکە یەکلایی بکرێتەوە و ڕۆژی یەکشەممە پارە بۆ دابەشکردنی مووچە بنێردرێت.
قەیرانی مووچەی فەرمانبەران گرژییەکانی نێوان بەغدا و هەولێری قووڵتر کردووەتەوە و هەردوولا یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە پابەندنەبوون بە یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق. لە ئەنجامدا مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێم هێشتا مووچەی مانگی 12یان وەرنەگرتووە.
ماوەی سێ ڕۆژە مامۆستایان و فەرمانبەران لە سلێمانی لە بەردەم ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان مانیانگرتووەو داوای مووچە و تەوتینی مووچە دەکەن، هاوکات بایکۆتی فراوان قوتابخانەکانی سلێمانی گرتووەتەوە.
ئەو نادڵنیاییە داراییە کاریگەری لەسەر ملیۆنێک و 250 هەزار فەرمانبەر و خانەنشینی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان هەیە.