شاندی باڵای هەرێم و عێراق لەسەر مووچە کۆبوونەوە

31-01-2025 05:53

پەرەگراف

ئەمڕۆ لە بەغدا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کۆبوونەوە، بەڵام تا ئێستا دەستبەجێ ناردنی مووچە بۆ هەرێم یەکلا نەکراوەتەوە.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم دوای کۆبوونەوەکە بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، گفتوگۆکان لەسەر خشتەی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بووە. ئاماژەی بەوەشکرد، لە کەشێکی ئەرێنیدا لێکتێگەیشتن هەبوو، هیوادارن تا سبەینێ پڕۆسەکە یەکلایی بکرێتەوە و ڕۆژی یەکشەممە پارە بۆ دابەشکردنی مووچە بنێردرێت.

قەیرانی مووچەی فەرمانبەران گرژییەکانی نێوان بەغدا و هەولێری قووڵتر کردووەتەوە و هەردوولا یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە پابەندنەبوون بە یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق. لە ئەنجامدا مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێم هێشتا مووچەی مانگی 12یان وەرنەگرتووە.

ماوەی سێ ڕۆژە مامۆستایان و فەرمانبەران لە سلێمانی لە بەردەم ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان مانیانگرتووەو داوای مووچە و تەوتینی مووچە دەکەن، هاوکات بایکۆتی فراوان قوتابخانەکانی سلێمانی گرتووەتەوە.

ئەو نادڵنیاییە داراییە کاریگەری لەسەر ملیۆنێک و 250 هەزار فەرمانبەر و خانەنشینی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان هەیە.