کۆمیسیۆن کۆنفرانسی گۆڕان دوادەخات؛ 'دەرفەت دەداتە دوو ئاراستەکە بۆ ڕێککەوتن'

30-01-2025 09:10

پەرەگراف

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق داواکاریى ئاراستەى "گۆڕانى کوردسات"ـى بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان لە سەرەتاى مانگى داهاتوو پەسەند نەکرد و بە نووسراوێک دواى خست. سەرچاوەیەک دەڵێت "ئامانجی کۆمیسیۆن ئەوەیە پەلە نەکرێت و دەرفەتێک بداتە هەردوو ئاراستەکەی گۆڕان بۆ ڕێککەوتن". بەڵام بەرپرسێکى گۆڕان ڕایدەگەیەنێت کە دواخستنەکە لەسەر داواى دانا ئەحمەد مەجید بووە.

د. هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كاروباری حیزب و ڕێكخراوە سیاسییەكانى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن، لە نووسراوێکى فەرمیدا دەڵێت "سەبارەت بەو داواکارییەى کە پێشکەشمان کرابوو بۆ ئەنجامدانى کۆنفراسى بزووتنەوەى گۆڕان لە ڕۆژى یەکشەممە ٠٢-٠٢-٢٠٢٥، بڕیارمان دا بە دواخستنى".

داواکارییەکە لەلایەن ئاراستەى "گۆڕانى کوردسات"ـەوە کە دانا ئەحمەد مەجید بە ڕێکخەرى گشتى دادەنێن، پێشکەش بە کۆمیسیۆن کرابوو بۆ ئەنجامدانى کۆنفراس لەو ڕۆژەدا، بەڵام ئاراستەى "گۆڕانى گردى زەرگەتە" کە لەگەڵ چیا نەوشیروان مستەفادان، دژى بوون.

سەرچاوەیەکى ئاگادار لەناو بزووتنەوەى گۆڕان بە پەرەگرافى ڕاگەیاند "ئامانجى کۆمیسیۆن لە دواخستنى کۆنفرانسەکە، ئەوەیە کە دوو ئاراستەکەى گۆڕان گفتوگۆ بکەن و کێشەکانى نێوانیان چارەسەر بکەن".

ئەو سەرچاوەیە جەختى کردەوە کە "کۆمیسیۆن دەیەوێت پەلە نەکرێت لە ئەنجامدانى کۆنفراسى گۆڕان و دەرفەتى داوە بە هەردوو ئاراستەکە بۆ ڕێککەوتن".

فوئاد جەمال، ڕێکخەرى ژووى ڕەوەندى کوردى و ئەندامى جڤاتى نیشتمانیى بزووتنەوەى گۆڕان، کە لەگەڵ ئاراستەى "گۆڕانى کوردسات"دایە، دەڵێت "بڕیار بوو ڕۆژی یەکشەممە ٠٢-٠٢-٢٠٢٥ لە شاری سلێمانی سێیەمین کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان ببەسترێت، بەڵام دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری گشتی، لە ٢٧-٠١-٢٠٢٥ داواکاریى ئاراستەی کۆمیسیۆن کردووە بۆ دواخستنی، بە هۆکاری تەواونەبوونی ئامادەکارییەکان".

بەپێى قسەى ئەو بەرپرسەى گۆڕان، دانا ئەحمەد مەجید داواى کردووە کە "دوو ڕۆژ" کۆنفرانسەکە دوا بخرێت و لە ٠٤-٠٢-٢٠٢٥ ئەنجام بدرێت، کۆمیسیۆنیش وەڵامی داواکارییەکەی داوەتەوە و "داوای کردووە پەلە نەکەن و ئێمە ڕۆژێکتان بۆ دیاری دەکەین".

کێشە ناوخۆییەکانى بزووتنەوەى گۆڕان لە ڕادەستکردنی دەسەڵاتەکانى ڕێکخەرى گشتى بە دانا ئەحمەد مەجید لەلایەن عومەر سەید عەلییەوە، قووڵ بوونەوە و گەیشتە ئاستى دووکەرت بوون.

بەپێی نوسراوێکی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، عومەری سەید عەلی بە پاساوى "دۆخی تەندروستی" وازى لە پۆستى ڕێکخەرى گشتیى گۆڕان هێنا و دوای ئەوە وەکالەتنامەی بۆ دانا ئەحمەد مەجید کردەوە بۆ جێگرتنەوەى. بڕیارە دانا ئەحمەد مەجید بۆ ماوەى شەش مانگ کارەکانى عومەر سەید عەلى بەڕێوە ببات و لەو ماوەیەدا بەپێی ڕێنماییەکانى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن، دەبێت دەستووری ناوخۆیی گۆڕان و کارەکانى بزووتنەوەکە ڕێک بخرێنەوە.

کوڕانی نەوشیروان مستەفا و ئەو بەرپرسانەی گۆڕان کە سەر بە ئاڕاستەی ئەوانن، بە دانانی دانا ئەحمەد مەجید ڕازی نین و داوا دەکەن لە جڤاتی نیشتمانییەوە ڕێکخەری نوێ هەڵبژێردرێت.

جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان لە باژێڕوانەكان و ڕێكخەری ژوورەكان پێك دێت. بزووتنەوەی گۆڕان لە چوارچێوەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی، لە ماوەی ڕابردوودا باژێڕوانەكانی هەڵبژارد، كە زۆرینەیان سەر بە ئاراستەی كوڕانی نەشیروان مستەفان، بەڵام ڕێكخەری نوێی ژوورەكانی گۆڕان هێشتا هەڵنەبژێردراون، كە ڕێكخەرەكانی ئێستا زۆرینەیان سەر بە ئاراستەی عومەری سەیدعەلین.

ڕۆژی ٢٧-٠٩-٢٠٢٤، چیا نەوشیروان مستەفا دەرگای سەرەکیی گردی زەرگەتەی بە کۆنکرێت داخست، ڕێگەی نەدا مەراسیمی دەستبەکاربوونی دانا ئەحمەد مەجید لە شوێنی عومەر سەید عەلی، لە مەکۆى سەرەکى ئەنجام بدرێت. بەوهۆیەوە مەراسیمەکە خرایە ڕۆژى دواتر و گوازرایەوە بۆ هۆڵێک لەناو پارکی ئازادی. لە مەراسیمەکەدا دەسەڵاتی ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان  بە وەکالەت و بە شێوەیەکی کاتی ڕادەستی دانا ئەحمەد مەجید کرا.

هەرچەند دواتر لە ڕۆژى ٠٣-١٠-٢٠٢٤، کوڕانى نەوشیروان مستەفا دەرگارى گردەکەیان بە ڕووى بەرپرسان و گۆڕانخوازاندا کردەوە، بەڵام ئاراستەکەى سەر بە دانا ئەحمەد مەجید ڕەتیان کردەوە بچنەوە گردەکە و ڕۆژى ٠٤-١٠-٢٠٢٤ بارەگای نوێی مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەى گۆڕانیان لە گەڕەکی کوردسات لە سلێمانی کردەوە، بەوهۆیەشەوە گۆڕان بوو بە دوو ئاراستە کە بە "گۆڕانى کوردسات" و "گۆڕانى گردى زەرگەتە" ناو دەبرێن.