شاندى باڵاى هەرێم بۆ چارەسەرى کێشەى مووچە گەیشتە بەغدا؛ سبەینێ بڕیار دەدرێت

30-01-2025 07:13

پەرەگراف

شاندى باڵاى هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتیى ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایى هەرێم کە کاتژمێر ٧:٠٠ـى ئەمشەو بەڕێ کەوت، گەیشتە بەغدا. سبەینێ کۆبوونەوەى گرنگ لەبارەى کێشەى مووچە و شایستە داراییەکانى هەرێم ئەنجام دەدرێت و بڕیارى تێدا دەدرێت.

پاشنیوەڕۆى سبەینێ کۆبوونەوەى باڵا لەسەر ئاستى وەزیرانى دارایى و بەرپرسانى باڵاى هەردوو وەزارەت، لە ماڵی فوئاد حسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەنجام دەدرێت.

شاندى ئەمجارەى هەرێم لە جارەکانى پێشوو فراونترە. لەگەڵ وەزیرى دارایى، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و کۆڤان تەحسین، بەڕێوەبەری ژمێرکاری و ئەبووبەکر عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و خالید چاوشلی، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی و مریەم عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی و چەندین بەڕێوەبەرى گشتیى دیکە تێیدا ئەندامن.

سەرچاوەیەکى ئاگادار بە پەرەگرافى وت "شاندى هەرێم ئەنجامى کۆبوونەوە و هەوڵەکانى ماوەى ١٠ ڕۆژى هەردوو شاندى تەکنیکیى هەرێم و بەغداى لەگەڵ خۆى بۆ بەغدا بردووە، کە وەڵامى بەشێکى زۆر لە داواکارییەکانى وەزارەتى دارایى عێراقى تێدایە".

ئەو سەرچاوەیە وتیشى "لە ١٠ ڕۆژى ڕابردوودا شاندى تەکنیکیى هەرێم کارى لەسەر وەڵامدانەوە و جێبەجێکردنى داواکارییە بەپەلەکانى وەزارەتى دارایى عێراق کردووە، بڕیارە لەسەر جێبەجێکردنى داواکارییەکانى دیکەش بەردەوام بێت بەتایبەت تەواوکردنى تەوتین".

"کۆبوونەوەى سبەینێ بڕیارى تێدا دەدرێت و تا ڕادەیەک بەرچاوڕوونى لەسەر مووچەى ئەمساڵ بە گشتى و مووچەى مانگى یەک بەتایبەتى دەخرێتە ڕوو"، سەرچاوەکەى پەرەگراف واى وت.

ڕۆژى دووشەممە ٢٠-٠١-٢٠٢٥، هەردوو وەزیرى دارایى هەرێم و عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە. دواتر وەزارەتى دارایى هەرێم ڕایگەیاند "بڕیار دراوە تیمێكی هاوبەش لە هەردوو ‏وەزارەتی دارایی پێك بهێنرێت و لە سبەی سێشەممەوە ‏لە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ‏دەستبەكار بن، ئامادەكاریی پێویست بكەن بۆ كۆبوونەوەی ‏سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەرك ‏و پابەندییەكانی هەردوولا بۆ ساڵی ٢٠٢٥".

وەزارەتى دارایى هەرێم وتیشى، ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوولا ئەنجام دەدرێتەوە و "ڕێككەوتوون كە ‏‏تیایدا بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بدرێت و ڕاسپاردەی ‏‏پێویستیش ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بكرێت".‏

بەهۆى تەواونەبوونى کارەکانى لیژنە تەکنیکییەکەى هەردوولا، سەردانى شاندى هەرێم بۆ بەغدا کە وادەکەى ڕۆژى یەکشەممەى پێشوو بوو، بۆ ئەمڕۆ دواخرا.