سەلوان مۆمیکا قورئان سووتێنەری عێراقی لە سوید کوژرا

30-01-2025 11:05

پەرەگراف

سەلوان مۆمیکا ئەو پەنابەرە عێراقییەی بو سووتاندنی قورئان ناوبانگی دەرکرد، درەنگانی شەوی چوارشەممە لە شوقەکەی خۆیدا لە شاری سۆدەرتالجی سوید بە فیشەک کوژراوە.

میدیا فەرمی سوید بڵاویکردەوە، "درەنگانی شەوی چوارشەممە کەسێک لە ماڵێک لە هۆڤسجۆ لە سۆدەرتالجی تەقەی لێکراوەو کوژراوە.. ئەو کەسە سەلوان مۆمیکای تەمەن 38 ساڵە".

دانیال ویکداڵ وتەبێژی پۆلیسی ستۆکهۆڵم پشتڕاستی کردەوە کە پێنج تۆمەتبار دەستبەسەر کراون بۆ لێپرسینەوە لە کوشتنێک کە بە کوشتنێکی "شێوازی لە سێدارەدان" وەسف کراوە. هێشتا دەسەڵاتداران پاڵنەرێکی ڕوونیان لە پشت هێرشەکەوە دیاری نەکردووەو لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.

مۆمیکا بەڕەچەڵەک خەڵکی ناوچەی ئەلحەمدانییە لە ڕۆژهەڵاتی موسڵ لە عێراق، سەرنجی خەڵکی بۆخۆی ڕاکێشا دوای ئەوەی لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٣ بە ئاشکرا لاپەڕەکانی قورئانی لە ستۆکهۆڵم سووتاند، مۆمیکا ئەو ساڵە دووجار قورئانی سووتاند وەک ناڕەزایەتییەک دژی ئیسلام. جاری یەکەم لە دەرەوەی مزگەوتێکی شاری ستۆکهۆڵم و جاری دووەمیش لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی عێراق بوو.

مۆمیکا مۆڵەتی دەسەڵاتدارانی سویدی وەرگرتبوو بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی ئیسلام، ئەو کارەی توڕەیییەکی بەرفراوانی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپادا لێکەوتەوە بەتایبەت لە عێراق.

دوای ڕووداوەکان، مۆمیکا ڕایگەیاند کە چەندین جار هەڕەشەی کوشتنی لێ کراوە. بڕیاربووە ئەمڕۆ مۆمیکا لە دادگای ستۆکهۆڵم ئامادە بێت بۆ دادگاییەک کە تێیدا تۆمەتباربوو بە هاندان بۆ ڕق و کینە.