پارێزگارى سلێمانى بۆ بەرپرسان: چاوەڕێى خراپبوونى بارى تەندروستیى مامۆستایانى مانگرتوو مەبن
پەرەگراف
ژمارەیەک لە مامۆستایانى ناڕازى بۆ دووەم ڕۆژ لە سلێمانى بەردەوامن لە مانگرتن لە خواردن و مەترسیى لةسةر ذيانیان هەیە، بەڵام سەرۆکى حکومەت و جێگرەکەى هیچ کاردانەوەیەکیان نییە. هەڤاڵ ئەبووبەکر، پارێزگارى سلێمانى، سەردانى مامۆستایانى مانگرتووى کرد و پەیامى ئاراستەى بەرپرسانى باڵاى حکومەت کرد و وتى "هیوادارم چاوەڕوانى خراپبوونى بارى تەندروستیى ئەمان نەکەن، بەڵکو بارى ناتەندروستى حوکمڕانى لێرە و لە حکومەتى فیدراڵى چاک بکەنەوە".
پارێزگارى سلێمانى ڕوو لە هەردوو حکومەت و وەزارەتى دارایى عێراق و هەرێمیش وتى "بەخێرایى کێشەکان لە شوێنى خۆى چارەسەر بکەن، نەک لە میدیا و سۆشیال میدیاوە حیکایەت بۆ ئێمە بکەن". هەروەها وتى "لەبرى ئەوەى ماوەیەکى زۆر لە هەر وڵاتێکى دنیا بن، یان لە داڤۆس بن، بچنە بەغدا تا ئەم کێشەشە چارەسەر نەکەن، نەگەڕێنەوە".
مامۆستایانى ناڕازى لە دوێنێ سێشەممە ٢٨-٠١-٢٠٢٥ـەوە لەبەردەم نوێنەرایەتیى نەتەوەیەکگرتووەکان خێمەیان هەڵداوە و ژمارەیەکیشیان مانیان لە خواردن گرتووە.
دوو مووچەى نەدراوى مانگەکانى ١٢ـى ساڵى ڕابردوو و ١ـى ئەمساڵ، بەبانکیکردنى مووچە لە بانکە فیدراڵییەکان و دەستپێکردنەوەى پەلەبەرزکردنەوە لە داواکارییە سەرەکییەکانى مامۆستایانن.
تا ئێستا هیچ کام لە مەسروور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێم و قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم هیچ هەڵوێست و کاردانەوەیەکیان لە ئاست مانگرتنى مامۆستایاندا نەبووە.