عەلى حەمەساڵح زانیارى لەسەر مووچەى مانگى یەک و دۆسیەیەکى سەرانەسەندن دەخاتە ڕوو

29-01-2025 01:13

پەرەگراف

عەلى حەمەساڵح ئەنجامى بەدواداچوونى لەسەر دوو دۆسیە دەخاتە ڕوو و لەسەر ئەنجامى دۆسیەى یەکەم دەڵێت "لەبەر چەند هۆکارێک، تا ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ ناردنى مووچەى مانگى یەک نییە". بۆ دۆسیەى دووەمیش کە "سەرانەوەرگرتن"ـە دەڵێت "دەمەوێت ئەمە بگاتە سەرۆکى حکومەت و جێگرەکەى".

ئەو ئەندامەى پەرلەمانى کوردستان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە هۆکارەکانى نەناردنى مووچە وتى "تا ئێستا میزانى موراجەعەى مانگى ١٢ـى ساڵى ڕابردوو و داهات نەنێردراوە، لیستى خانەنشینى و لیستى ناوەکانى دیکە ڕێکنەخراوەتەوە، خواستى هەرێم بۆ پارە گەیشتووەتە ترلیۆنێک و ١٠٠ ملیار دینار، لەسەر ڕادەستکردنى داهاتى ناوخۆى هەرێم ڕێککەوتن نەکراوە، گرفتى گەورە لە دۆسیەى نەوتدا هەیە".

وتیشى "پێداگرییەک لە عێراقەوە دروست بووە بۆ وەرگرتنەوەى نەوت لە هەرێم. کێشەش بۆ هەموارى یاساى بودجە دروست بووە".

لەسەر دۆسیەى دووەم، عەلى حەمەساڵح ڕایگەیاند "هەر بارهەڵگرێکى سووتەمەنى دەچێتە سنوورى سلێمانى، ٦٥٠ دۆلار سەرانە دەدات بە حیزب و دوو بەرپرس هەموو ڕۆژێک هەزار و ٥٠٠ بارهەڵگر دەڕوات و هەموو ڕۆژێک یەک ملیۆن دۆلار سەرەرانە وەردەگیرێت".

بە قسەى ئەو پەرلەمانتارە، بۆ هەولێریش هەما شت هەیە، بە جۆرێک "هەر بارهەڵگرێک لە سلێمانییەوە بچێتە سنوورى هەولێر، دەبێت ٣٠٠ دۆلار سەرانە بدات".