ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە لەبارەی مووچەی هەرێم و لێدوانی ڕێباز حەملان
پەرەگراف
وەزارەتی دارایی عێراق لێدوان و زانیارییەکانی ڕێباز حەملان بریکاری وەزارەتەکە ڕەتدەکاتەوە لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی مووچەی هەرێم و جارێکی دیکە جەخت دەکاتەوە کە هەرێم خۆی هۆکاری دواکەوتن و نەدانی مووچەیە نەک عێراق.
لە ڕوونکردنەوەکەیەدا وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، وتەکانی ڕێباز حەملان ڕاست نین و وەزارەتەکە بە شێوەیەکی پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ مووچەی هەرێم دەکات، وەک چۆن مامەڵە لەگەڵ وەزارەتەکانی حکومەتی فیدڕاڵ و پارێزگاکانی دیکە دەکەن، "دووپاتی دەکەینەوە دواکەوتنی مووچە پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە نییە، ئێمە ساڵێک زیاترە داوای جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی دەکەین لەبارەی تەوتینی مووچە، بەڵام هەرێم تا ئێستا هیچ زانیاری و داتایەکی سەبارەت بە تەوتین پێشکەش نەکردووە".
سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی مووچە، وەزارەتی دارایی دەڵێت، پەیوەندیی بە پرسی خانەنشینبوونەوە هەیەو هێشتا ناوەکانیان جیانەکراوەتەوە کە زیاتر لە 29 هەزار کەسن و زیاتر لە 10 رۆژە تیمێکیان نێردراون بۆ ئەوەی بتوانن ناوەکان جیابکەنەوە و وردبینی لە ناوەکانیان بکرێت بەپێی یاسای خانەنشینی مووچە و پاداشتەکانیان بۆ هەژمار بکرێت.
لەبارەی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە، وەزارەتی دارایی عێراق باسلەوە دەکات، زیاتر لە دوو ساڵە مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراقە، بەڵام حکومەتی هەرێم لە پشکی هەرێم مووچەیان دەدات، ئەوەش بووەتەهۆی کورتهێنانی مووچە.