دانا عەبدولكەریم: هەرێمی كوردستان لە پرۆژەی ڕێگای گەشەپێداندا هیچ ڕاوێژێكی پێ نەكراوە و فەرامۆش كراوە
پەرەگراف
وەزیری ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت "لە داڕشتنی ڕێڕەوی پرۆژەی ڕێگای گەشەپێداندا، هیچ ڕاوێژێك لەگەڵ هەرێمی كوردستان نەكراوە و فەرامۆش كراوە". دەشڵێت "بە دڵنیاییەوە لەم ڕێڕەوەدا هەرێمی كوردستان هیچ سوودێك نابینێ".
دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەرێمی كوردستان، ڕێگای گەشەپێدان بە "گرنگترین پرۆژەی ستراتیژی لە دروستبوونی عێراقەوە تا ئێستا" وەسف دەكات و دەڵێت "ئەم پرۆژەیە عێراق دەباتە قۆناغێكی نوێوە، دەبێت بە ڕێڕەوێكی بازرگانی لەنێوان ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و وڵاتانی كەنداو بەرەو ئەورووپا".
سەبارەت بە بەشداریی هەرێم لە پرۆژەكەدا، دانا عەبدولكەریم ڕایگەیاند "لە داڕشتی ڕێڕەوی ئەم پرۆژەیەدا هیچ ڕاوێژێك لەگەڵ هەرێمی كوردستان نەكراوە. ڕێڕەوی پرۆژەكە بە شوێنێكدا براوە كە نزیك دەبێتەوە لە هەرێمی كوردستان، بەرەو ڕۆژئاوای ڕووباری دیجلە براوە، ئەم ناوچەیەش دانیشتووانێكی كەمی لێیە و كارگە و بازرگانیی گەورەشی لێ نییە".
"چەند جارێك داوامان كرد لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ پێداچوونەوە بە ڕێڕەوی ڕێگای گەشەپێدان بكرێت و ڕێڕەوەكەی بە شێوەیەك بێت هەرێمی كوردستانیش ببێتە بەشێك لەم پرۆژە گرنگە، چونكە هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە گرنگە و ڕۆڵێكی كاریگەری لە پێشخستنی ئابووریی عێراقدا دەبێت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا وەڵامێكی ئەرێنیمان دەست نەكەوتووە"، وەزیری ئاوەدانكردنەوە وا دەڵێت.
بە بۆچوونی وەزیری ئاوەدانكردنەوەی هەرێم، دوورخستنەوەی ڕێڕەوی ڕێگاكە لە هەرێمی كوردستان، بەهۆی "بیركردنەوەیەكی ناوەندییەوەیە" و دەڵێت "تا بەغدا لەسەر ئەم بیركردنەوە بەردەوام بێت، بڕوا ناكەم ئاسۆیەك بۆ گۆڕینی ڕێڕەوەی پرۆژەكە هەبێت".
هەروەها دانا عەبدولكەریم ئاماژە بەوە دەكات كە بە ئەگەر پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان بە هەرێمی كوردستاندا تێپەڕ ببوایە، نەك تەنیا لە ڕووی ئابوورییەوە، بەڵكو لە ڕووی كۆمەڵایەتیشەوە كاریگەریی دەبوو، بەم جۆرەی ئێستا دەبێتە هۆی "بەردەوامبوونی ئەو دابڕانەی كە هەیە، ئەگەر ئەم پرۆژەیە بە هەرێمی كوردستاندا بڕۆشتایە، لە ڕٍووی تێكەڵاویی كۆمەڵایەتیشەوە عێراق و هەرێمی كوردستانی بەهێزتر دەكرد".
ڕیگای گەشەپێدان كە بە "ڕێگای ئاوریشمی عێراقی" وەسف دەكرێت، پرۆژەیەكی ستراتیژیی بازرگانی و گەشتیاریی چوار وڵاتی ناوچەكەیە كە عێراق گرنگترین ڕۆڵی تێیدا هەیە. هەرێمی كوردستان لەناو پلانی عێراقدا نییە بۆ تێپەڕینی ڕێگاكە بەناو خاكەكەیدا، بەڵام بەرپرسانی باڵای هەرێم لة ساڵی 2024دا هەوڵەكانیان لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی بەشدار لە پرۆژەكە چڕ كردەوە بۆ ئەوەی پلانەكەی عێراق لە بەرژەوەندیی هەرێم بگۆڕن، بەڵام بێ ئەنجا بووە.
حكومەتی هەرێم دوو پێشنیاری دەربارەی ڕێگای گەشەپێدان ئاراستەی بەغداد كردبوو، پێشنیاری یەكەم ڕەت كراوەتەوە، بەغداد ڕایگەیاندبوو لێكۆڵینەوە لەبارەی پێشنیاری دووەمەوە دەكات.
ڕێگای گەشەپێدان كە دوو ڕێگای شەمەندەفەر و ڕێگای خێرای ئۆتۆمبێل (ئۆتۆبان)ـە بە تەنیشت یەكەوە، كەنداوی عەرەبی لە ڕۆژهەڵاتی جیهان بە ئەورووپا لە ڕۆژئاوای جیهان دەبەستێتەوە، بە پرۆژەیەكی گەورە بۆ بووژانەوەی ئابووریی عێراق دادەنرێت.
پرۆژەكە بە بەشداریی قەتەر، ئیمارات، عێراق و توركیا ئەنجام دەدرێت و تا ئەورووپا دەڕوات. لە پرۆژەكەدا، عێراق كەنداو بە توركیاوە دەبەستێت، توركیاش نیوەكەی دیكەی پرۆژەكە تەواو دەكات و بە دوو ڕێگای وشكانی و ئاوی دەیگەیەنێتە ئەورووپا.
تێچووی پرۆژەكە لە عێراقدا 17 ملیار دۆلارە و داهاتی ساڵانەی بە زیاتر لە چوار ملیار دۆلار خەمڵێندراوە. هەروەها پرۆژەكە دەبێتە هۆی خێراكردنی جووڵەی بازرگانی و بە كەمتر لە نیوەی كاتی پێشوو كاڵا و شمەك لەناو عێراقدا دەگوازرێتەوە.
پرۆژەكە لە بەندەری فاو لە بەسرە دەست پێ دەكات، كە خاڵی دەستپێكی بەستنەوەی كەنداوی عەرەبییە بە ناوچەكانی دیكەوە، پاشان بە شارەكانی عێراقدا تێدەپەڕێت و لە دەروازەی فیشخاپووری هەرێمی كوردستانەوە دەچێتە توركیا، پاشانیش بۆ ئەورووپا، شاری ڕۆتردام لە هۆڵەندا خاڵی كۆتایی ڕێگاكەیە.
ڕێگاكە لەسەر سنووری توركیاوە بە باكووری كوردستاندا تێدەپەڕێت، لە پارێزگای ئامەدەوە و دەچێتە مێرسین، پاشان لە ڕێگەی بەندەری مێرسینەوە ڕێگاكە بەناو دەریای سپیی ناوەڕاستدا بە ئەورووپاوەوە دەبەسترێتەوە. هەر لەناو توركیادا بە ڕێگای وشكانی لەڕێی شارەكانی ئەنقەرە و ئیستانبووڵەوە جووڵەی بازرگانی و گەشتیاری بە بولگاریا، ڕۆمانیا، سڕبیا و مەكەدۆنیا دەبەسترێتەوە
* لێرە كلیك بكە و ڕاپۆرتێكی وردی پەرەگراف دەربارەی پرۆژەكە بخوێنرەوە