پەرەگراف
داواكاری گشتیی دهۆك داوا لە پارێزگاى دهۆک دەکات لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕابسپێرێت بۆ چارەسەرى دیاردەى سەگى بێلانە لە ڕێگەى جێبەجێکردنى یاسای (بەرەنگاربوونەوەی سەگی بێلانە). بەپێی یاساكە كە هی عێراقە و لە ساڵی 1986 دەركراوە، دەبێت سەگە بێلانەكان بە ڕێگەی "كوشتن" لەناو ببرێن و لاشەكانیان لە "شوێنێكی دوور بسووتێنرێت".
دیارەدەى سەگى بێلانە بووەتە جێگاى گفتوگۆ تا ئاستى بەریەککەوتن بەتایبەت لەنێوان کەسانى ئایینى و چالاکانى ئاژەڵدۆست، بە جۆرێک دوو بەرەی دژبەیەكی لەناو هەرێمى کوردستان دروست كردووە.
بەپێى نووسراوێک کە ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧-٠١-٢٠٢٥، دادوەر هدار عەبدولمەجید حەسەن، داواکاری گشتیی دهۆک، ئاراستەى پارێزگاى دهۆکى کردووە، داوا کراوە ئەو دیاردەیە بەپێى یاساى ژمارە ٤٨ـى ساڵى ١٩٨٦ـى عێراق و فەتواى ژمارە ٨٣٩ـى ١٣-١٠-٢٠١٩ ئەنجوومەنى باڵاى فەتواى هەرێمى کوردستان چارەسەر بکرێت.
دادوەر هدار عەبدولمەجید دەڵێت "زۆربوونی سەگی بێلانە لەناو گەڕەک و ناحیە و قەزاکانی پارێزگای دهۆک و بەکارهێنانی ڤاکسین بۆیان، بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی چەندین جۆری نەخۆشی، هەروەها بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لەناو خەڵک و بەتایبەت منداڵاندا".
داواکارى گشتیى دهۆک ئاماژەى بەوە کردووە، ئەو بەریەککەوتنەى لەنێوان کەسایەتییە ئایینییەکان و چالاکان لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئەم بابەتە دروست بووە، بەهۆى "نەشارەزایى" بووە، لەکاتێکدا یاسا "بە ڕوونى چارەسەرى بۆ ئەو دیارە دیارى کردووە، بە ڕێگەیەکى تەندروست و بە هەماهەنگى لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان".
بەپێى ماددەى شەش لە یاساى ژمارەى ٤٨ـى ساڵى ١٩٨٦، سەگە بێلانەکان لە ڕێگەى کوشتن بە چەک یان هەر ڕێگایەکى دیکەوە لەناو دەبرێن، بە جۆرێک کە وەزیرى کشتوکاڵ ڕێنمایى دەردەکات بۆ لایەنى تایبەتمەند بۆ جێبەجێکردنى ئەو کارە. دواتریش لایەنى تایبەتمەند لە شوێنێکى دوورەدەست کە بۆ ئەو مەبەستە ئامادە دەکرێت، لاشەى سەگەکان دەسووتێنێت.
هەروەها ئەنجوومەنى باڵاى فەتواى هەرێمى کوردستان لە فەتواکەیدا دەڵێت "هەر سەگێک کە سەلما لە ڕووى تەندروستى یان ئابوورییەوە زیانبەخشە و مەترسیى بۆ مرۆڤ و ژینگە و ئاژەڵى بەسوود هەیە، دروستە لە ڕێگەى لیژنەیەکى تایبەتى دەزگا تایبەتەکانى حکومەتەوە لەناو ببرێت، بەشێوەیەکى گونجاو لەگەڵ پرەنسیپەکانى پاکوخاوێنى و هاوسەنگیى ژینگەییدا".
چەند ساڵێکە هەوڵى جیاواز لەلایەن ڕێکخراو و چالاکانى ئاژەڵدۆستەوە هەیە بۆ چارەسەرى کێشەى سەگە بێلانەکان، بەتایبەت کۆکردنەوەیان لە شێڵتەرەکان، بەڵام تا ئێستا ئەو هەوڵانە نەیاتوانیوە چارەسەرى ئەو دیاردەیە بکەن، بەتایبەت کە حکومەت بودجەى پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەى دیاردەکە دابین ناکات.
بەهۆى ئەو مەترسییەى کە سەگى بێلانە بۆ سەر هاووڵاتیان بەتایبەت منداڵان دروستى کردووە، چەند ساڵێکە خەڵک و ئاژەڵدۆستان داوا دەکەن چارەسەرێک بۆ ئەو دیاردەیە بدۆزرێتەوە.
لە نوێترین ڕووداواد، ڕۆژى ١١-٠١-٢٠٢٥، منداڵێکى تەمەن ٩ بۆ ١٠ ساڵ و قوتابیى پۆلى سێى بنەڕەتى، دواى تەواوبوونى تاقیکردنەوە و لە کاتى گەڕانەوەى بۆ ماڵەوە، لە نزیک کۆمەڵگەیەکى نیشتەجێبوون لە کەرکووک، چەند سەگێکى بێلانە پەلاماریان دا و بەهۆى سەختیى برینەکانیەوە گیانى لەدەست دا.