ژن و مێردێک لە بادینان بە 'بۆردومانی تورکیا' گیانیان لەدەست دا

27-01-2025 11:43

پەرەگراف

ژن و مێردێك لە گوندێكی سەر بە ناحیەی دینارتە "بە بۆردومانی توركیا" گیانیان لەدەست دا. لە ‏ساڵی 1991ـەوە تا ئێستا "720" هاووڵاتیی مەدەنی لە هەرێمی كوردستان بوونەتە قوربانیی ‏بۆردومان و لەشكركێشییەكانی توركیا‎.‎

ئەمڕۆ دووشەممە لە گوندێكی سەر بە ناحیەی دینارتە لە سنووری قەزای ئاكرێ، هاووڵاتییەك بە ‏ناوی (جەعفەر جەلال - تەمەن 58 ساڵ) لەگەڵ هاوسەرەكەی (تین محەمەد - 47 ساڵ) بەهۆی ‏بۆردومانی توركیاوە گیانیان لەدەست دا‎.‎

سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە، بە پەرەگرافی وت "ڕووداوەكە ڕاستە و لە سنووری ‏گوندی بامشمش ڕووی داوە، ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنمان ناردووە بۆ شوێنەكە. هەردووكیان گیانیان ‏لەدەست داوە‎".‎

كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی سی پی تی، ڕایگەیاند "كاتژمێر ‏‏11:30ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی سوپای توركیا بۆردوومانی سنووری ‏گوندی شەهیێ سەر بە ناحیەی دینارتەیان لە قەزای ئاكرێ كرد و لە ئەنجامدا دوو هاووڵاتیی ‏مەدەنی كە هاوژینی یەكتری بوون، گیانیان لەدەست دا‎".

كامەران عوسمان دەڵێت "قوربانییەكان دانیشتووی (كۆمەڵگای بامشمش)ن. بۆ كاری كشتوكاڵ و چاندن لەگەڵ چەند ‏هاونیشتمانییەكی تردا چوونەتە گوندی شەهیێ و تووشی ئەم ڕووداوە بوون"‎.‎

لە ساڵی نوێدا كە 27 ڕۆژی لێ تێپەڕیوە، ئەمە یەكەم ڕووداوی گیانلەدەستدانە بە بۆردومانی توركیا، لە ماوەی ڕابردووشدا دوو هاووڵاتی بە هەمان هۆكار بریندار بوون، كە سەرجەمیان لە سنووری پارێزگای دهۆك بووە.‎

تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی سی پی تی كە كار لەسەر كاریگەرییەكانی بۆردومان و لەشكركێشیەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان دەكات، دەڵێت "لە كانوونی دووەمی 1991ـە تاوەكو ئێستا، 720 هاووڵاتیی مەدەنی بوونەتە قوربانیی بۆردوومان و ‏لەشكركێشییەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستاندا، بەشێوەیەك 353 هاووڵاتیی مەدەنی شەهید ‏و 367 هاووڵاتیی مەدەنی بریندار بوون"‎.