شەڕى پەکەکە و تورکیا لە باتیفا گەرمە؛ پێشمەرگەیەك بریندار بوو و سوپای توركیا خانووی هاووڵاتییەكی تەقاندەوە

26-01-2025 04:51

پەرەگراف

ئاڵۆزییەكانی سنووری قەزای باتیفا ڕوو لە هەڵكشانی زیاترە. شەوی ڕابردوو تا بەیانی پێكدادانی توند لەنێوان پەكەكە و سوپای توركیا بەردەوام بووە. لە دوو ڕووداوی جیاوازیشدا پێشمەرگەیەك "بە درۆن"ـی نەناسراو بریندار بوو و ماڵی هاووڵاتییەك لەلایەن سوپای توركیاوە تەقێندرایەوە.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ 26-01-2025، پێشمەرگەیەك لە كاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە بە ئۆتۆمبێلی خۆی، لە سنووری قەزای باتیفا كراوەتە ئامانج و بریندار بووە.

ئەفسەرێك لە هێزی پاسەوانی سنووری عێراق لە سنووری زاخۆ كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ئۆتۆمبێلی ئەو پێشمەرگە بە درۆنێك كە نازانرێت هی پەكەكە بووە یاخود سوپای توركیا، كراوەتە ئامانج".

هەر دەربارەی ئەو ڕووداوە، فەرهاد مەحموود، قایمقامی قەزای باتیفا، بە پەرەگرافی وت "ئەو ڕووداوە گەورە نەبوو، بەڵام گەورە كرا. پێشمەرگەیەك كە لە ئەركدا نەبووە، لە گەڕانەوەی بۆ ماڵ لە لۆفەكانی زرێزێ، شتێك بەر ئۆتۆمبێلەكەی كەوتووە كە دیار نییە ساچمەیە یاخود گوللـە".

سەبارەت بە ناسنامە و دۆخی تەندروستیی پێشمەرگەكە، ئەمیر عەلی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی تەندروستیی زاخۆ، بە پەرەگرافی وت "ناوی جاسم محەمەدە و تەمەنی 50 ساڵە، ساچمەیەك بەر پشتی كەوتووە و باری تەندروستیی جێگیرە".

ئەو ئەفسەرەی پاسەوانی سنوور وتیشی "هەر ئەمڕۆ ماڵی هاووڵاتییەكی مەدەنی كراوەتە ئامانج و زیانی زۆری بەركەوتووە".

بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف كە لە سەرچاوەی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، خانووی ئەو هاووڵاتییە "لەلایەن سوپای توركیاوە تەقێندراوەتەوە و بە تەواوی ڕووخاوە".

ئەفسەرەكەی پاسەوانی سنووری عێراق دەڵێت "ئاڵۆزییەكانی ئەمدواییەی باتیفا بەهۆی شەڕی نێوان گەریلاكانی پەكەكە و سوپای توركیاوەیە. شەوی ڕابردوو تا بەیانیی ئەمڕۆ پێكدادان هەبووە". ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەوان وەكوو پاسەوانی سنوور "بەشێك نیین لە شەڕەكە و لە خاڵەكانی خۆمان جێگیرین".

ئەم ڕووداوانە پاش ئەوە دێن كە دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە سنووری قەزای باتیفا دوو پێشمەرگە بەهۆی شەڕی نێوان گەریلاكانی پەكەكە و پاسەوانی سنوور گیانیان لەدەست دا.

دوای گرژییەكان، بۆ ماوەیەكی كاتی ڕێگای سەرەكیی نێوان قەزای باتیفا و ناحیەی بێگۆڤا داخرا.

قائیمقامی قەزای باتیفا دەڵێت "ڕێگاكە بۆ ماوەیەك داخرا و دواتر كرایەوە. ئێستا دۆخی ناوچەكە لەژێر كۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەكاندایە، هیچ پێویست ناكات خەڵك بترسێت".