پەرەگراف
نزیکەی ٢٠ پەرلەمانتاری شیعە داوا لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن هیچ پارەیەک بۆ حکومەتی هەرێم ڕەوانە نەکات بەبێ ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
ئەو پەرلەمانتارانە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەش دەخەنەڕوو، کە لێپرسینەوە لە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق دەکەن لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێم تۆمەتبار دەکەن بە جێبەجێ نەکردنی پابەندییەکانی سەرشانی بەپێی یاسای بودجەی عێراق.
پەرلەمانتارەکان باسلەوەش دەکەن، حکومەتی هەرێم "پابەند نەبووە بە ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتیی، نزیکەی ٣٩٩ ملیار دیناری ڕادەست کردووە کە خۆی زیاتر لە ٤ ترلیۆن دینارە"، ئەوەش دەخەنەڕوو کە هەرێمی کوردستان پابەندی ڕادەستکردنی نەوت نەبووە بە بەغداد.
ئەوە لەکاتێکدایە کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغداد لەسەر مووچەو بودجە بەردەوامەو هەریەکە لە وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێم یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە پابەندنەبوون بە بەندەکانی یاسای بودجەی عێراق.
مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە نێوان ئەم کێشمەکێشەدا هێشتا چاوەڕوانی مووچەی مانگی ١٢ دەکەن و نیگەرانن لە ناڕوونی چارەنووسی مووچەکانیان لە ساڵی ٢٠٢٥یشدا.