پەرەگراف
بەیانیی ئەمڕۆ لە سنوری زاخۆ شەڕ لە نێوان هێزەکانی پاسەوانی سنور و پەکەکە ڕوویدا؛ دوو پاسەوانی سنور کە خەڵکی دهۆکن کوژران و پاسەوانێکی دیکە بریندارە. هێزەکانی پاسەوانی سنور لە هەرێمی کوردستان کوردن و سەربە وەزارەتی بەرگری عێراقن.
ئەمیر عەلی، وتەبێژی تەندروستی زاخۆ بە پەرەگرافی وت "دەوروبەری کاتژمێر 9ی بەیانیی ئەمرۆ هەینی، لەسنوری قەزای باتیفا، شەڕ لە نێوان هێزەکانی پاسەوانی سنور و گەریلاکانی پەکەکە ڕوویداوە، بەو هۆیەوە دوو پاسەوانی سنور بەناوەکانی عەلی رەمەزان و مێهڤان ناجی گیانیان لەدەستداو پاسەوانێکی دیکەش برینداربووە".
لەبارەی دۆخی تەندروستی بریندارەکە، وتەبێژی تەندروستی زاخۆ وتی "بریندارەکە رەوانەی نەخۆشخانەی گشتی زاخۆ کراوە، ئەوەی پێویستە بۆی کراوەو دۆخی تەندروستی جێگیرە".
عەلی رەمەزان، خەڵکی قەزای سێمێلەو مێهڤان ناجی دانیشتووی دهۆکە، هێشتا لایەنی فەرمی و پەکەکەو پاسەوانی سنور زانیارییان لەبارەی شەڕەکە بڵاو نەکردووەتەوە.