پەرەگراف
سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە بەغداد كۆبوونەوە. نەوەی نوێ دەڵێت "سوودانی باسی لەوە كرد كە ئەمساڵ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەنێردرێت و مەترسیی لەسەر نییە". بەڵام لە ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سوودانی دەربارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە، باسی مووچە نەكراوە.
كۆبوونەوەكە نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 23-01-2025، لە ئۆفیسی شاسوار عەبدولواحید و بە بەشداریی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، بەڕێوە چووە.
نەوەی نوێ دەڵێت "لە كۆبوونەوەكەدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و دۆخی سیاسیی هەرێم و عێراق و دوایین پێشهاتە سیاسییەكان تاوتوێ كران. هەروەها باسی هەموو ئەو ڕێگری و كۆسپانە كرا كە لەبەردەم ناردنی مووچەدا هەیە و مانگانە دەبێتە هۆی دواكەوتنی مووچەی مووچەخۆران".
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراقی وتووە "مووچەخۆرانی هەرێم گیرۆدەی دەستی كاربەدەستانی هەرێم و دوو حیزبی دەسەڵاتدارن، بۆیە پێویستە مووچەخۆر و هاووڵاتییانی هەرێم لە دوو حیزبی دەسەڵاتدار جیابكرێنەوە، ڕێگە نەدرێت كە مووچەخۆران و هاووڵاتیانی هەرێم ببنە قوربانیی ڕەفتاری هەڵەی هیچ كەس و لایەنێك".
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەوە دەڵێت "كۆمەڵێك دۆسیە لەسەر ئاستی نیشتمانی تاوتوێ كرا. سەرۆكوەزیران جەختی كردەوە لەسەر گرنگیی پاڵپشتیكردنی گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستانی عێراق، بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم".
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سوودانی دەشڵێت "لە كۆبوونەوەكەدا جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت و پشتیوانیكردنی حكومەت لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە بۆ جێبەجێكردنی ئامانجەكانی تاوتوێ كرا، لەگەڵ گرنگیی یەكخستنی كارەكانی نێوان حكومەت و ئەنجوومەنی نوێنەران، لەپێناو بەدیهێنانی خواستەكانی هاووڵاتیان و بەرەوپێشبردنی گەشەپێدان و بوژاندنەوەی ئابووری و ئاوەدانكردنەوەی ژێرخان لەسەرانسەری عێراقدا".