پەرەگراف
شاندی دەم پارتی کە دوێنێ سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلانیان کرد لە دورگەی ئیمراڵی لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: زانیارییمان لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان بە ئۆجەلان گەیاندو کارکردنی ئۆجەلان لەسەر پڕۆسەکە بەردەوامە.
شاندەکەی دەم پارتی ئەوەش دەخاتەڕوو، کە ئۆجەلان لە دیدارەکەدا سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو کەسانە کرد کە لە ئاگرەکەی شاری بۆلو گیانیان لەدەستدا و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.
لەبارەی پڕۆسەی ئاشتیی، شاندەکەی دەم پارتی هیوادارە هەموو چین و توێژەکان بەشداربن لەو پڕۆسەیەو دەڵێت، بەردەوام دەبن لە کارکردن و کاتێک ئامادەکارییەکان تەواو بوون زانیاریی دیکە بۆ ڕایگشتی بڵاودەکەنەوە.
ڕۆژى 28-12-204، شاندى دەمپارتى کە لە پەروین بوڵدان و سرى سورەیا ئۆندەر پێکهاتبوو، سەردانى عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەرى زیندانیکراوى پەکەکەیان لە زیندانى ئیمراڵى کرد، ئەوەش لە چوارچێوەى هەوڵەکانى دەستپێکردنەوەى پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا و چارەسەرى کێشەى کورد.
ڕۆژى دواتر شاندی دەمپارتی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئاشكرا کرد. ئۆجەلان ئامادەیی بۆ بانگەوازكردن بۆ ئاشتی ڕاگەیاند، بە مەرجی ئەوەی "سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی توركیا دەستپێشخەری بكەن و هەڵوێستی ئەرێنییان هەبێت". جەختیش دەكاتەوە كە "یەكێك لە گرنگترین مەیدانەكانی ئەم بەشدارییە، پەرلەمانی توركیا دەبێت".
ئۆجەلان سەبارەت بە بەهێزكردنەوەی برایەتیی تورك و كورد، دەڵێت "وێڕای ئەوەی بەرپرسیارێتییەكی مێژووییە، گرنگە و بووەتە پێویستییەكی چارەنووسساز بۆ هەموو گەلان".
بە بۆچوونی ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، "ڕووداوەكانی غەززە و سووریا، دەریان خست كە چیتر ناكرێت چارەسەری ئەم كێشەیە (كێشەی كورد) دوابخرێت"، بەتایبەت كە ئۆجەلان پێی وایە "هەوڵدەدرێت لە ڕێگەی دەستێوەردانی دەرەكییەوە ئاڵۆزتر بكرێت".
"من خاوەنی ئەو شارەزایی و بڕیارەم كە بەشداریی پێویست لە پارادایمە نوێیەكەدا بكەم، كە بەڕێزان باخچەلی و ئەردۆغان پشتیوانیی لێ دەكەن"، ئۆجەلان وا دەڵێت.
دواتر شاندی دەمپارتی، ڕوانگەی ئۆجەلانی گەیاندە لایەنە سیاسییەكانی توركیا، دوێنێش شاندەکە وەڵام و بۆچوونى لایەنەکانی بردەوە بۆ ئۆجەلان.