پەرەگراف
مەسرور بارزانی و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا کۆبوونەوە، دۆخی سوریاو پاراستنی مافی پێکهاتەکانیان لەو وڵاتە تاوتوێ کرد، مەسرور بارزانی دەڵێت: هاوڕابووین لەسەر پێویستیی پاراستنیی مافی هەموو پيکهاتەکانی سووریا و لەنێویشیاندا گەلی کورد.
کۆبوونەوەکە لە پەراوێزی بەشداریکردنیان لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی لە داڤۆس بوو، سەرۆکوەزیرانی هەرێم لەبارەی کۆبوونەوەکەوە دەڵێت، پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و دواین گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە.
شەیبانی دۆخی سوریاو هەوڵەکانیانی بۆ گەڕانەوەی ئارامیی باس کردووە، لەبارەی کوردەوە گوتویەتی "کورد خوشک و برای ئێمەن و پێکهاتەیەکی گرنگ و ڕەسەنی سووریان و دڵنیایی دەدەین کە مافەکانیان پارێزراو دەبێت".
وەزیری دەرەوەی سووریا، هەروەها بانگهێشتی مەسرور بارزانی کردووە بۆ دیمەشق، بارزانی دەڵێت "دووپاتمان کردەوە کە پاراستنی ئاشتیی و ئارامیی سووریا بە لای ئێمەوە زۆر گرنگە و لەمبارەیەوە ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی هەموو پشتگیریی و هاوکارییەکی پێویست بۆ خوشک و برایانمان لە سووریا. هاوڕابووین لەسەر پێویستیی پاراستنیی مافی هەموو پيکهاتەکانی سووریا و لەنێویشیاندا گەلی کورد".