جووتیارانى کورد و تورکمانى کەرکووک: تەنیا دەرچوونى یاساکە گرنگ نییە، بەڵکو جێبەجێکردنى سەنگى مەحەکە

22-01-2025 06:26

پەرەگراف

جووتیارانى کورد و تورکمانى کەرکووک دڵخۆشن بە دەرچوونى یاساى (گەڕانەوەی زەویوزار بۆ خاوەنەکانیان)، کە سەدان هەزار دۆنم زەویى زەوتکراوى دەستى بەعسیان بۆ دەگەڕێنێتەوە، بەڵام دەڵێن "تەنیا دەرچوونى یاساکە گرنگ نییە، بەڵکو جێبەجێکردنى سەنگى مەحەکە".

ئەمڕۆ ٢٢-٠١-٢٠٢٥، ئەو جووتیارانە لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا سەربارى ستایشى پەرلەمانى عێراق و پەرلەمانتاران بۆ دەرکردنى یاساکە، بەڵام ترسى خۆیان لە ئەگەرى جێبەجێنەکردنى نەشاردەوە، چونکە وەکوو خۆیان وتیان "ئێمە ئەزموونى تاڵمان لەگەڵ حکومەتى عێراق هەیە لە خۆدزینەوەى لە جێبەجێکردنى ئەو بڕیارانەى پەیوەستن بە زەویى کشتوکاڵى، وەکو بڕیارى ژمارە ٢٩ـى ساڵى ٢٠١٢ـى ئەنجوومەنى وەزیران کە تایبەت بوو بە هەڵوەشاندنەوەى لیژنەى کاروبارى باکوورى ڕژێمى بەعس، بۆ کوژاندنەوەى مافى خاوەندارێتیى زەویوزارەکان، بەڵام تا ئێستا بە تەواوەتى جێبەجێ نەکراوە".